زووم..
وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، بارێکی بۆمبی قورس لە ئەمریکاوە، کە لەلایەن ئیدارەی پێشووی ئەمریکاوە راگیرابوو، رۆژى شەممە، گەیشتە ئیسرائیل.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کەشتییەک کە بڕێکی زۆر لە بۆمبەکانی “بۆمبی Mk-84″ـی هەڵگرتبوو، کە کێشی هەریەکەیان یەک تۆنە دابەزێندرا.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆمبەکان لەسەر دەیان بارهەڵگر بارکراون و گواستراونەتەوە بۆ بنکە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، ئەوەش بە گوێرەى رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل.
لە سەرەتای شەڕی غەزەوە، ئەمریکا زیاتر لە 76 هەزار تۆن کەرەستەی سەربازیی رەوانەی ئیسرائیل کردووە لە رێگەی 678 گواستنەوەی ئاسمانی و129 باری دەریاییەوە، کە وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل بە “گەورەترین هاوکارى ئاسمانی و دەریایی لە مێژووی ئیسرائیلدا” وەسفی کردووە.
جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ساڵی رابردوو خۆی لە گەیاندنی ئەم جۆرە بۆمبە (“بۆمبی Mk-84”) بە ئیسرائیل بەدوور گرت، ترسی ئەوەی هەبوو لە دژى دانیشتووانی کەرتی گەمارۆدراوی غەزە بەکاربهێنرێت، کە پێشتر هێرشە ئاسمانییە بەرفراوانەکانى ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە بووە هۆی وێرانکارییەکی زۆر لە سەرانسەری تەواوی ناوچەی کەنارى غەزە و ئەوەش کاردانەوەى گەورەى لە ئاستى نێودەوڵەتى لێکەوتەوە.
چی دەزانیت دەربارەی بۆمبی MK-84؟
بۆمبێکی فرە چەشنى ئەمریکییە و نەوەیەکى نوێى زنجیرە بۆمبی ئەمریکی “مارک 80”.
پێیگدەوترێت “هامەر” بەهۆی ئەو زیانە زۆرەی، کە لە کاتی تەقینەوەیدا دەیگەیەنێت، کێشی نزیکەی هەزار کیلۆگرامە، کە نزیکەی 430 کیلۆگرام کێشی مادەی تەقینەوەکەیەتى.
توانای چوونە نێو کانزاکانی هەیە تا قووڵایی نزیکەی 38 سم و دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی چاڵێک، کە قووڵی 11 مەتر بێت، کە بازنەی کاریگەرییەکەی دەگاتە 365 مەتر.
لە ماوەی زیاتر لە 300 مەتر لە خاڵی کاریگەرییەکەیەوە زیان بە دەوروبەرى دەگەیەنێت و هەر زیندەوەرێک لەو رووبەرەدا بێت دەیکوژێت، کە ئەم بۆمبە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەکانى سەدەى رابردوو.