زووم..
سەرەڕای داواکاری بەڕێوەبەرانی پەروەردەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام، بەڵام هێشتا زۆربەی مامۆستایان ئامادەنین بایکۆت بشکێنن و بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن.
زوومی سلێمانی رایگەیاند، لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی و بەشێک لە بەڕێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگەكان قسەی کردووە بۆی دەرکەوتووە لە زۆربەی هەرە زۆری قوتابخانە و خوێندنگەكانی سنوری سلێمانی بایکۆت بەردەوامە و مامۆستایان ئامادەنین بەبێ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
گوتیشی، دوێنێ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای سلێمانی کۆبوونەوە و تێیدا بڕیاردرا لەڕێی نامەوە مامۆستایان ئاگاداربکرێنەوە کە دەست بەدەوام بکەنەوە، بەڵام مامۆستایان نەچوونەتە ژێرباری داواکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان.
باسی لەوەشکرد، لە هەندێک قوتابخانە قوتابیانی پۆلی نۆی بنەڕەتی گەڕاونەتەوە بۆ دەوام، بەڵام مامۆستاکانیان نەگەڕاونەتەوە.
هاوکات زوومی گەرمیانیش گوتی، لەسنورەكە بایکۆت بەردەوامە و لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایان قسەی کردووە و گوتویانە بەهیچ شێوەیەک بایکۆت ناشکێنن.
زیاتر لە سێ هەفتەیە لەسنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە و ناحیەکانی تەقتەق و بالیسان لەسنووری پارێزگای هەولێر مامۆستایانی ناڕازی بایکۆتی دەوامیان کردووە و سەرەڕای داواکاری قوتابیان وخوێندكاران بەڕێوەبەرانی پەروەردەکان، ئامادەنین دەست بە دەوام بکەنەوە.