زووم..
کەمتر لە هەفتەیەکی دیکە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت کە جگە لە لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانی پەرلەمان، راوێژکاری ئەڵمانیاش هەڵدەبژێردرێت و ئەو کاندیدەی کە گەورەترین هەلی بردنەوەی هەیە دژی هاتنی کۆچبەرانە بۆ وڵاتەکەی و بەڵێنیداوە کۆنتڕۆڵی تەواوەتی سنووری وڵاتەکەی بکات.
بوژانەوەی ئابووری وڵاتەکە و کۆنتڕۆڵکردنی کۆچی نایاسایی بەڵێنی بەشێکی پارتەکانە و گرنگترین بابەتیشن بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم هەڵبژاردنە کە دوای هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتییەکەی ئۆلاف شۆڵتز دێت لە کۆتایی ساڵی رابردوو.
زیاتر لە 59.2 ملیۆن ئەڵمانی لە کۆی زیاتر لە 84 ملیۆن دانیشتووان مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەڵمانیا هەیە کە بڕیارە لە 23ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
ئەم هەڵبژاردنە بۆچی گرنگە؟
ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەڵمانییەکان گرنگە چونکە لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە زنجیرەیەک هێرشی خوێناوی لە وڵاتەکە روویانداوە و فشاری بۆ پارتە جیاوازەکان دروستکردووە تا چاکسازی لە بواری کۆچبەریی و پێدانی مافی پەنابەرێتیدا بکەن.
تەنها لەم دواییانەدا چوار رووداوی خوێناوی روویانداوە لە ئەڵمانیا کە یەکێکیان لە شاری ئەشافنبێرگ بوو کاتێک پیاوێکی تەمەن 28 ساڵی ئەفغانی تۆمەتبارکرا بەهێرشی کردنەسەر چەند منداڵێکی باخچەی ساوایان، لە ئەنجامدا منداڵێکی دوو ساڵانی مەغریبی و پیاوێکی تەمەن 41 ساڵ کوژران.
مانگێک پێش ئەو رووداوەش، کەسێکی دیکە بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆیکرد بەناو بازاڕێکی قەرەباڵغ لە شاری ماگدیبێرگی و لە ئەنجامدا پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 200 کەسی دیکەش برینداربوون. دواتر پۆلیسی ئەڵمانیا ناسنامەی تۆمەتبارەکەی ئاشکراکرد کە کۆچبەرێکی خەڵکی سعودیە بوو. پێش ئەم رووداوەش دوو رووداوی خوێناوی تر لە شاری مانهایم و سۆلینگن رویاندا.
هەڵبژاردنی ئەڵمانیا ئاڵۆزە
هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا دوای ئەوە دێت کە لە ناوەراستی مانگی کانوونی یەکەمی 2024 بە زۆرینەی دەنگ متمانە لە ئۆلاف شۆلتز، راوێژکاری ئەڵمانیا سەندرایەوە، ئەمەش وایکرد هەڵبژاردن پێش کاتی خۆی بەڕێوە بجێت.
ئەو 59 ملیۆن دەنگدەرەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردندا دوو دەنگ دەدەن، یەکێکیان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیانە بۆ ئەوەی بچنە پەرلەمان و ئەوی دیکەشیان هەڵبژاردنی پارتێکی سیاسییە.
هەر پارتێک 5%ـی دەنگەکانی دەنگدانی دووەم بەدەستبهێنێت دەتوانێت نوێنەری بنێرێتە پەرلەمان. پێشتر لە پەرلەمانی ئەڵمانیا 733 کورسی پەرلەمانی هەبوون، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە 100 کورسی کەمکراونەتەوە و بووەتە 630 کورسی.
کام پارتە چانسی بردنەوەی زیاترە؟
هێرشەکانی ئەمدواییە لە ئەڵمانیا پشتگیری خەڵکی بۆ پارتی “جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا” یان ئەی ئێف دی زیادکردووە و لە دواین راپرسییەکاندا پلەی دووەمی گرتووە بە زامنکردنی 20%ـی دەنگەکان. ئەم پارتە راستڕەوی یوندڕەوە و بەتەواوەتی دژی کۆچبەرانە، پشتگیری ئیدارەی ترەمپیشی هەیە.
بەگوێرەی دواین راپرسییەکان، پارتی دیموکراتی کرسیتیانەکانی ئەڵمانیا یان سی دی یو کە فریدریک مێرز سەرۆکایەتی دەکات و هەمان پارتە کە پێشتر ئەنگێلا مێرکل بەرێوەی دەبرد، 30%ی دەنگەکانی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە.
پارتەکەی ئۆلاف سۆڵتزیش کە ناوی پارتی سۆشیاڵ دیموکراتی ئەڵمانیا یان ئیس پی دی-یە پلەی سێیەمی گرتووە و بەگوێرەی راپرسییەکان دەتوانێت زیاتر لە 15%ـی دەنگەکان بۆ خی ببات.
ئەگەر چاو لە راپرسییەکان بکەین، هیچ پارتێک بە تەنها ناتوانێت حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت، هەر پارتێک زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێت لەگەڵ پارتێک یان دوو پارتی هاوپەیمانی پێکبهێنێت. لەدوای پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک، سەرۆکی ئەڵمانیا کاندیدی سەرکەوتوو دەستنیشان دەکات بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا و دواتر لە پەرلەمان دەنگی پێدەدرێت.
کام کاندیدە ئەگەری سەرکەوتنی هەیە؟
لەم هەڵبژاردنە پێنج کاندیدی سەرەکی هەن و ئەو کاندیدەی گەرورەترین هەلی بردنەوەی لەبەردەمە، فریدریک مێرزی تەمەن 69 ساڵە کە چەندین بەڵێنی داوە و گرنگترینیان سنووردارکردنی یاساکانی کۆچبەریی، کەمکردنەوەی باج، بڕینی 50 ملیار یۆرۆی هاوکاری داراییە کە پێی دەگوترێت “سۆشیاڵ” و هەروەها زیادکردنی یارمەتییەکانە بۆ ئۆکراین.
پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندبوو، لە یەکەم رۆژی وەک راوێژکاری ئەڵمانیا ئەگەر هەڵبژێردرا یەکەم کاری ئەوە دەبێت فەرمان بە وەزارەتی ناوخۆ بکات سنووری ئەڵمانیا بە هەمیشەیی کۆنترۆڵ بکات بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی.

فریدریک مێرز، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کریستیانەکانی ئەڵمانیا. وێنە: رۆیتەرز
هەروەها رەخنەی تووند لە یاساکانی پەنابەرێتی لە ئەروپا دەگرێت و بە “لەکارکەوتوو” وەسفیان دەکات. ئەو بەڵێنی داوە ئەڵمانیا بکاتەوە بە پێشەنگ بۆ ئەوروپا و بەتەواوی ئابووری وڵاتەکە ببوژێنێتەوە کە بە گەورەترین ئابووری لە کیشوەری ئەوروپا دادەنرێت.
کاندیدێکی دیکە ئۆلاف شۆڵتزە کە ماوەی سێ ساڵە راوێژکاری ئەڵمانیایە و سەرکردایەتی هاوپەیمانیێتییەکی دەکرد کە ساڵی رابردوو هەڵوەشایەوە. حکومەتی شۆڵتز هەر لە سەرەتاوە کێشەی گەورەی بۆ دروستبوو، ئەمەش بەهۆی کاریگەری جەنگی ئۆکراینە لەسەر ئابووری ئەڵمانیا.
شۆڵتز هەمیشە باس لە خاڵی وەرچەرخان دەکات بۆ باشکردنی سیاسەتەکانی بەرگریی ئەڵمانیا و زیادکردنی خەرجی سەربازیی. لەماوەی حوکمرانی شۆڵتزدا، ئەڵمانیا بە گەورەترین یارمەتیدەر بۆ ئۆکراین دادەنرێت لە ئەوروپا. شۆڵتز بەڵێنی ئەوەیداوە لە حکومەتی نوێدا پشتگیری ئۆکراین بکات “هەتا ئەو کاتەی پێویست بکات” و دژی بیرۆکەی ئاشتییەکی سەپێنراوە کە ئەو پێیوایە ئێستا ئەمریکا لەگەڵ روسیا کاری بۆ دەکات.

ئۆلاف شۆڵتز، کاندیدی پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا
شۆڵتز پشتگیریش لە خێراترکردنی پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوە دەکات بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی مافی پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە و حکومەتەکەشی سنووری زیاتر توندکردووەتەوە، بەجۆرێک کە راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، تەنها لەماوەی ساڵێکدا مافی پەنابەرێتی یەک لەسەر سێ کەمیکردووە.
پارتی ئێس پی دی شۆڵتز دەیەوێت “سندوقی ئەڵمانیا” دابمەزرێنێت کە ئامانج لێی بەرەوپێشبردنی وەبەرهێنان و بەرزکردنەوەی کەمترین مووچەی کارکردنە لە کاتژمێرێکدا لە 12.82 یۆروە بۆ 15 یۆرۆ.
یەکێکی دیکە لەو کاندیدانەی چاویان لەسەرە ئالیس ڤایدیڵی تەمەن 46 ساڵە و یەکەم کاندیدی ئەی ئێف دی-یە لەو کاتەوەی پارتەکە لە 2013 دامەزراوە.

ئالیس ڤایدڵ، سەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا
ئالیس لەکۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبوویەوە کە لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی دا بە تەواوی دژی ئەوروپییەکان بوو، تێیدا رەخنەی تووندی لێگرتن. تەنانەت ئیلۆن مەسکیش، ملیاردێری ئەمریکی کە ئێستا پۆستی لە ئیدارەی ترەمپ هەیە، پشتگیری لە ئالیس دەکات.
هەرچەندە ئالیس هەلێکی کەمی بردنەوەی هەیە، بەڵام لەناو دەنگدەرانی گەنجدا خۆشەویست بووە، بەتایبەتی لەناو بەکارهێنەرانی تیکتۆک. ئالیس پشتگیری تەواوەتی لە دیپۆرتکردنەوەی بەلێشاوی کۆچبەران دەکات و دەڵێت دەبێت “تاوانبارن و کۆچبەرانی نایاسایی” دیپۆرت بکرێنەوە. ئالیس دژی سزاکانی سەر روسیاشە و بەڵینیداوە سزاکانی سەر وڵاتەکە هەڵبگرێت.