زووم..
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا راگەیاند، بەمزووانە چاوی پێی دەکەوێت، دەشڵێت، پوتین بەڕاستی ئاشتی دەوێت.
بڕیارە کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆکەکە لە سعودیە ئەنجامبدرێت و ترەمپ دەڵێت، “هیچ کاتێک دیارینەکراوە، بەڵام بەمزووانە روودەدات.”
لەبارەی ئەگەری کۆتاییهێنان بە جەنگ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی گوت،”ئەوان [روسیا] لەمێژە شەڕ دەکەن و شکستیان بە هیتلەر و ناپلیۆن هێناوە، پێشتر شەڕیان زۆر کردووە، بەڵام پێموایە ئەو [پوتین] حەزدەکات جەنگ بوەستێت.”
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ پوتین دەیەوێت دەست بەسەر ئەو خاکەی ئۆکرایندا بگرێت کە داگیریکردووە، ترەمپ گوتی هەمان پرسیاری لە پوتین کردووە و “کێشەیەکی گەورە دروست دەبێت” ئەگەر بەنیازی ئەوە بێت.
چەند رۆژێک لەمەوبەر مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، سەرۆکی روسیا ویستی خۆی بۆ ترەمپ لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگ دەربڕیووە .
نزیکبوونەوەی ترەمپ لە مۆسکۆ نیگەرانی لەلای ئۆکراین و وڵاتە ئەوروپییەکان دروستکردووە و ترسی ئەوەیان هەیە واشنتن پەلەبکات لە گەیشتن بە رێککەوتنێک کە تێیدا ئۆکراین بەشێکی خاکەکەی لەدەستبدات.
نە ئۆکراین و نە بەرپرسانی ئەوروپیش لە لوتکەکەی سعودیە بەشداری ناکەن، هەرچەندە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشتر ئاماژەی بەوەداوە کە دەبێت ئۆکراین و ئەوروپیەکان لە هەر دانوستانێکی راستەقینەدا بەشداربن.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، ڤۆلۆدمیر زێلنسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند، بەهیچ جۆرێک رێککەوتنێک قبوڵ ناکات کە تێیدا وڵاتەکەی بەشدار نەبێت.