زووم..
نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، شاندی دانوستانکاری وڵاتەكەی راسپاردووە بچنە قاهیرەی پایتەختی میسر بۆ بەردەوامیدان بە ئاگربەستی غەزە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەکە، ئەمڕۆ، شاندەکە بۆ تاوتوێکردن و درێژەدان بە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەزە دەچنەوە قاهیرە.
گوتووشییەتی، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل، شاندی دانوستانکاری تەلئەبیب، راسپاردەی نوێ لەبارەی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەزەیان پێدەدرێت.
قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەزە، لە 19ـی کانوونی دووەمی رابردووەوە دەستیپێکردووە و 42 رۆژ دەخایەنێت و بڕیارە لەم قۆناغەدا 33 بارمتە و هەزار و 900 زیندانیی فەلەستین ئازادبکرێن، كە لەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا 19 بارمتە و زیاتر لە هەزار و 100 زیندانیی فەلەستینی ئازادکراون. هەروەها هێزەکانی ئیسرائیل وردە وردە لە ناوەڕاستی غەززە دەکشێنەوە و هاوکاری مرۆیی دەچێتە ناوچەکە.
بریارە لە قۆناغی دووەمی ئاگربەستیش، سەرجەم بارمتەکان ئازادبکرێن و ئاگربەستی هەمیشەیی رابگەیەندرێت و هێزەکانی ئیسرائیل بەتەواوی لە غەزە بکشێنەوە.