زووم..
رۆژنامە فارسییەکان
تەجارەت
کرێکاران ناتوانن رۆژانە دوو ژەم خواردن دابین بکەن
سەرۆکی ناوەندی باڵای ئەنجوومەنی کرێکاران سومیە گوڵپوور، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی “مێهر” دەڵێت، کاتێک نرخی دۆلار لە 40 هەزار تمەن تێپەڕی، ناڕەزایی پەرلەمانتاران هەبوو کە بۆچی دەبێت ئەم بەرزبوونەوەیە رووبدات، چونکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەڵاوسان هەبوو.
بەڵام ئێستا کە نرخی دۆلار گەیشتووەتە سەرووی 90 هەزار تمەن و ژیانی کرێکاران و کەمداهاتەکانی خراپترکردووە.
ژمارەی ژەمە خۆراکی کرێکاران بۆ کەمترلە دوو ژەم لە رۆژێکدا دابەزیووە و داواکاریی کرێکاران هاوسەنگ کردنی مووچە لەگەڵ هەڵاوسانە.
کەمترین مووچەی مانگانەی کرێکاران لە شارە گەورەکاندا نابێت لە 300 دۆلار کەمتر بێت و گفتوگۆ لەسەر دیاریکردنی کەمترین مووچەی ساڵی داهاتوو بە مانگانە 80 دۆلار، سووکایەتیکردنە بە کرێکاران.
کەیهان
خەڵک و شۆفێران لە دۆخی تەکسی ئۆنلاین توڕەن
خەڵک گلەییان هەیە لە تەکسییە ئۆنلاینەکان بەهۆی دواکەوتن، هەڵوەشاندنەوەی سەفەر لەلایەن شۆفێرەوە، رەفتاری نەشیاو داواکردنی پارەی زیادە. هەروەها باس لەوە دەکەن کە چۆن متمانەیان بەم خزمەتگوزارییە کەم بووەتەوە.
لە بەرامبەردا شۆفێرەکانی تەکسیی ئۆنلاین باس لە نەبوونی بیمە، کەمیی کرێ و کۆمەڵێک یاسا دەکەن کە زیاتر لە بەرژەوەندیی سەرنشینەکانە و هەندێک سەرنشین رێز لە شۆفێرەکان ناگرن.
وەزیری کار دەڵێت، کە لە هەوڵی دابینکردنی بیمەدان بۆ شۆفێرانی تەکسییە ئینتەرنێتییەکان و جەخت لەسەر پێویستیی چاودێریی بەردەوام دەکاتەوە بۆ چارەسەری کێشەکان و باشترکردنی خزمەتگوزاریی تەکسییە ئۆنلاینەکان.
ئارمانی میللی
دوژمنان یەکیان گرتووە و جۆری شەڕ گۆڕاوە
یەحیا سەفەوی، راوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، دەڵیت، کە دوژمنانی دەرەکی زیاتر یەکیان گرتووە و جۆری شەڕەکان گۆڕاون.
ئەوان بەدوای لاوازکردنی ئێرانەوەن لە رووی سیاسی، ئابووری و کلتورییەوە و دەیانەوێت هاوکێشەکان لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بگۆڕن.
سەفەوی جەختی کردەوە کە پێویستە ئێران ستراتیژی دەوڵەتی نوێی ئەمریکا، تورکیا و ئیسرائیل بزانێت و ستراتیژی خۆی لە ئاستی نیشتمانی، ناوچەیی و جیهانیدا بە هاوکاریی پسپۆڕان داڕێژێت.
ئاماژەی بەوەشدا کە دەبێت ستراتیژی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران، روسیا و چین و هەروەها ستراتێژی نوێی تورکیا و ئیسرائیلمان بۆ روون بێتەوە.
ئەسکەناس
بە بیانووی ئاهەنگی نەورۆز زیانگەیاندن بە گیانلەبەرە کێوییەکان زیادیکردووە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی نەورۆز، خواست لەسەر کڕینی ئاژەڵی تایبەت و جۆرە قەدەغەکراوەکانی وەک کیسەڵە شینەکان و ماسی جۆری نایاب زیاد دەکات. ئەمەش بووەتە هۆی بووژانەوەی بازرگانی نایاسایی گیانلەبەرە کێوییەکان.مەنوچێهر فەلاحی، جێگری پاراستنی ژینگە دەڵێت، قاچاخچییەکان لە نەزانیی خەڵک کەڵک وەردەگرن و جۆرە نایاب و لەناوچوەکان وەک دیکۆری سەر سفرەی نەورۆز دەفرۆشن.
ئاماژەی بەوەدا کە رێوشوێنی یاسایی دەگیرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بەم جۆرانە، لەوانە دانانی لافیتەی زانیاری، ئۆپراسیۆنی هاوبەش و بەکارهێنانی سیستەمی تەلەفونی بۆ گەیاندنی پێشێلکارییە ژینگەییەکان.
ئەم رێوشوێنانەش بۆ پاراستنی جۆراوجۆریی زیندەوەر و رێگری لە زیانگەیاندن بە گیانلەبەرە کێوییەکان دەگیرێنەبەر.
رۆژنامە تورکییەکان

میللییەت
ئاک پارتی: رەنگە لە 2027 دا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت
مستەفا ئەلیتاش بریکاری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی رایگەیاند، گەلی تورکیا لە هەڵبژاردنى 28ـى نیسانی 2023 دا بۆ ماوەى پێنج ساڵ سەرۆککۆماریان هەڵبژاردووە و دەنگیان پێداوە.
لەبەرئەوە ئێمە ناچارین ئەو دەسەڵاتە تاکوو کۆتایی وادەى خۆی و تا ساڵی 2028 بەکاربهێنین. بەڵام ئەگەر بێت و جەهەپە 360 پەڕلەمانتار قایل بکات لە پەڕلەمان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکەن ئەوا دەشێ لە 2027 دا دەکرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت.
تورکگون
کەشناسی تورکیا هۆشداریی سەرماوسوڵە بۆ ئیستانبوڵ دەدات
کەشناسی تورکیا بڵاویکردەوە، شەپۆلێکی بەفر و سەرماوسۆڵە روو لە ئیستانبوڵ دەکات و بۆ ماوەى سێ رۆژ لە چوارۆشەممە، پێنج هەینی لە شارەکە بەفر دەبارێت و ئاستی بەفربارینیش دەگاتە 10 سانتیمەتر.
کەشناسی پێشبینی دەکات پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزێت و لەگەڵ بەفردا رەشەبایەکی بەهێزیش دەبێت.
میللی گەزەتە
پەکەکە لە باکووری سوریا لە هەوڵی بونیادنانی هەرێمێکی فیدراڵییە
لە پاش روخانی رژێمی بەشار ئەسەد داهاتووی سوریا هێشتا روون نییە. سەرەڕای ئەوەى تورکیا چەندین جار هۆشداری داوە بە مانەوەى یەکپارچەیی خاکی سوریا، بەڵام پەکەکە و یەپەگە لەو ناوچانەى لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کۆنتڕۆڵیان کردووە سەرقاڵی بونیادنانی هەرێمێکی فیدراڵین.
ئەم هەوڵەی پەکەکە پێچەوانەى دەستوری ئەو وڵاتەیە و دەیانەوێت ئاڵا و هێزی سەربازی خۆیان لەو هەرێمە هەبێت.
ئەڤرەنسەل
سەندیکا و رێکخراوەکان هاوشانی دەم پارتی لە وان خۆپیشاندان دەکەن
وەک کاردانەوەیەک لە دژى دانانی قەیوم لە گەورەشارەوانی وان، هاوسەرۆکەمانی دەم پارتی و سەرۆکی پێنج پارتی دیکە لەگەڵ رێکخراو و سەندیکاکان بەشداری خۆپیشاندانەکان دەکەن لە شارەکە.
تونجەر بەکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی لە بانگەوازێکی بۆ حکومەتى تورکیا رایگەیاندووە، ئێوە بریار بدەن چارەسەرێکی دیموکراسی دەوێت و رێککەوتن بە رێگەى دیالۆگ هەڵدەبژێرن یاخوود قەیوم و دژایەتیی کردنی کورد.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لیژنەى ئامادەکاریی کۆنگرەى دانوستانى نیشتمانیی سوریا دەستى بە کارەکانى کرد
هودا ئەتاسی ئەندامى لیژنەى کۆنگرەی دانوستانى نیشتمانیی سوریا رایگەیاند، برایانى کورد پێکهاتەیەکى گرنگی سوریان و لە بەشێکى زۆر لە پارێزگاکان بوونیان هەیە، بە تەنها هەسەدە نوێنەرایەتییان ناکات، تەنانەت هەندێکیان لەژێر دەسەڵاتى هەسەدەدا نەماون، ئەوانیش وەک هەر پێکهاتەیەکى دیکە بانگهێشتى کۆنگرەکە دەکرێن، لیژنەى ئامادەکاریی کۆنگرەکە دوێنێ یەکەم کۆبوونەوەى خۆی لە حمس بە بەشداریی نوێنەرانى رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنی حمس و دەوروبەریی و ئەکادیمییانی زانکۆ و هەندێک لە سەرکردە سەربازییەکانى ناوچەکە بەڕێوەبرد، لەو کۆبوونەویەدا ژمارەیەک بابەت قسەیان لەسەرکرا، ئازادییەکان، قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى دەستى رژێمەکەى ئەسەد، لەبەرچاوگرتنى تایبەتمەندی حمس.
محەمەد سەبرا سیاسی و یاساناسى سوریی بە رۆژنامەکەى گوتووە لە ئێستاوە نازانرێت ئەو لیژنەى ئامادەکارییە چەندە بێلایەنانە کارەکانى بەڕێوەدەبات و دەتوانێت نوێنەرایەتى هەمووان لەو کۆنگرەیەدا کۆبکاتەوە، لەبەرئەوەى سەرەتاى کارەکانیانە.
راشیگەیاند، ئامادەکارییەکان شەش مانگی دەوێت و دەبێت ئەو لیژنەیە دەستبخاتە سەر کێشە سەرەکییەکانى سوریا و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە.
راشیگەیاند، کۆنگرەکە راوێژکاریی دەبێت و مەرج نییە هەموو بڕیار و راسپاردەکانى بچنە بوارى جێبەجێکردنەوە.
سەباح
رێککەوتنی ناتۆ لەگەڵ عێراق 32 خاڵی گرنگی ماوە درێژە دەگرێتەوە
جەنراڵ لۆکاس شوخویرس سەرۆکی نێردەى رێکخراوى ناتۆ لە عێراق رایگەیاند ئامانجی نێردەکەیان جەنگ نییە بەڵکو راوێژکارییە لە بوارەکانى پێشکەشکردنى هاوکاریی و مەشقپێکردندا، لەگەڵ عێراقیش لەسەر 32 دۆسیەى گرنگ رێککەوتووین.
گوتیشى، مەشقپێکردن لەسەر داواى حکومەتى عێراقى دەبێت و پەیوەندی راستەوخۆمان لەگەڵ وەزارەتى بەرگرییە، بەتایبەتى لە کەرتى پۆلیسى ئیتیحادیی دا.
کۆکاس راشیگەیاند هاوکارییەکانمان بوارەکانى پڕچەککردن، مەشقى هێزە ئەمنییەکان بە پرەنسیپەکانى ناتۆ و چەندین بابەتى دیکە دەگرێتـەوە، گوتیشى کۆی گشتى پرۆسەکە لە سێ خاڵى سەرەکیدا کۆدەبنەوە ئەوانیش بریتین لە پرۆسەى کڕینى چەک کە پەیوەندیى راستەوخۆی بە تواناى دارایی عێراقەوە هەیە لەگەڵ پێویستى چییە لە داهاتوودا بەو چەکانە، کردنەوەى ئەکادیمیایەک بۆ ئەفسەرانى پلە نزم و ئەفسەرانى پلە باڵا بە مەبەستى پێشخستنیان لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکی دیکە کە هەموویان پەیوەندییان بە راوێژکارییەوە هەیە و پاراستنى سنوورەکانیش یەکێکى دیکە دەبێت لە ئامانجەکانى ناتۆ، لەگەڵ ئاسایشى ئەلیکترۆنی و فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و لەگەڵئەوەشدا ناتۆ کاردەکات بۆ ئەوەى ژنان بچنە سەرکردایەتى سەربازیی لە وەزارەتى بەرگریی و ئەمنیدا.
دەستور
وەزارەتى بازرگانی: تا جەژنى رەمەزان دوو بەشە خۆراک دابەشدەکرێت
محەمەد حەنون گوتەبێژی وەزارەتى بازرگانى عێراق رایگەیاند، پێش مانگی رەمەزان و پێش جەژنیش دوو بەشە خۆراک لە رێگەى بریکارەکانیانەوە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەکرێت.
راشیگەیاند، 20ـى ئەم مانگە دەستدەکرێت بە دابەشکردنى بەشە خۆراکێک کە سەرجەم پێداویستییە سەرەکییەکانى تێدایە لەوانەش شەکر، زەیت، برنج، ئارد، دۆشاو، لەتکە نۆک، ماش، فاسۆلیا و نیسک.
رشیگەیاندووە، سەبەتە خۆراکییەکە ئەوانەش دەگرێتەوە کە لەژێر چاودێریی کۆمەڵایەتییدان، جەختیشى کردەوە پێش لە جەژنى رەمەزانیش بەشەخۆراکێکى دیکەش بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەکرێت.
عەرەبی جەدید
گروپە چەکدارەکانى لیبیا بە قاچاخ نەوتى وڵاتەکەیان دەبەنە دەرەوە
ئەبوبەکر هادی پسپۆڕی ئابوریی نیگەرانى قوڵی خۆی لەبارەى دەستگرتنى گروپەچەکدارەکانی وڵاتەکەی راگەیاند کە دەستیانگرتووەت بەسەر سەرچاوە سەرەکییەکانى داهاتدا لەوانەش نەوت و کارەبا.
راشیگەیاند، ئەو کارە تەنها دەستگرتن نییە بەسەر پارە و سەرچاوە داراییەکاندا بەڵکو هەڕەشەیەکى راستەقینەیە بۆ سەر ئاسایشى لیبیا، دەستگرتنى ئەو گروپانە بەسەر ئەو سێکتەرە گرنگانەدا واتە دەستگرتن بەسەر ئابووری وڵاتەکەدا و کەمکردنەوەى تواناکانیەتى لە بوارى گەشەپێدانى ئابوورییدا.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوە کردووە، پێشتریش راپۆرتێکى نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکراوەتەوە کە ئاماژە بەوە دەکات گروپە چەکدارەکانى لیبیا دەستیانگرتووە بەسەر بەشێکى زۆر لە کەرتى وزەى وڵاتەکەدا و بە قاچاخ نەوتەکە دەبەنە دەرەوە و لە بازاڕی رەشدا دەیفرۆشن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ستامەر دەڵێت ئامادەم هێزی سەربازی بنێرم بۆ ئۆکراین
لە گفتوگۆکانی دیداری ئاشتیی ئەمڕۆی پاریسدا سەرۆکوەزیران فشار دەخاتە سەر سەرکردەکانی ئەوروپا، بۆئەوەی ئەوانیش هەمان هەڵوێست وەربگرن. ناوبراو دەڵێت ئامادەیە هێزەکانی سوپای بەریتانیا بنێرێت بۆ ئۆکراین بۆئەوەی لە ناو بەرەکانی رووبەڕووبونەوەدا بوەستن و ببن بە بەشێک لە هێزی ئاشتیپارێز.
ئەمە یەکەم جارە باسی ناردنی هێزی ئاشتیپارێزی بەریتانی بۆ ئۆکراین بێتەگۆڕێ، بەڵام ستامەر بڕیاریداوە پیاوان و ژنانی سەر بە سوپای وڵاتەکەی بەکاربهێنێت و بیاننێرێت بۆ ئەو بەرە مەترسیدارە، بۆئەوەی ببن بە بەشێک لە ئەو هێزەی دابڕان لە بەرەکانی جەنگدا دروستدەکەن.
دەیلی مەیل
ستامەر کەوتووەتە بەر باهۆزی رەخنە
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەموو ئەو بانگەشە و داواکارییانەی رەتکردەوە، کە پێیگوترابوو پێویستە بودجەی زیاتر بۆ بەهێزکردن و پڕچەککردنی سوپا تەرخان بکات، قەیرانی بودجەی سوپا ماوە و ئەویش ئەمڕۆ دەچێتە دیداری لوتکەی پاریس، لەوێ رووبەڕوو بەرامبەر ترەمپ دەوەستێت.
ستامەر نایەوێت بە زیادکردنی بودجە بەشداریی چارەسەری قەیرانی هێزی چەکداری سوپای ئەوروپا بکات.
سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن، ئەو بڕەی کە وەک بودجە بۆ سوپای بەریتانیا تەرخانکراوە، دەگات بە تەنها 2.5٪ــی بودجەی گشتیی وڵات و ئەویش ئامادە نییە بڕیاربدات ئەو رێژەیە زیادبکرێت. پێیوایە نابێت گەیشتن بە ئەو ئامانجە مانای دروستکردنی پەستان بۆ سەر بودجەی گشتی بدات.
گاردیەن
هاوپەیمانە نزیکەکەی سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئەوەدا نییە مافی هاووڵاتیبوون نەدرێت بە پەنابەران
یەکێک لە دۆست و هاوپەیمانە هەرە نزیکەکانی سەرۆکوەزیران چووە ریزی ئەو کەسانەوە، کە لە دژی پرۆژەکەی یەڤیت کوپەرن. ئەو پرۆژەیەی کوپەر پێشنیازی کردووە ئەوەیە رەگەزنامەی بەریتانی هەرگیز نەدرێت بەو کەسانەی کە لە رێگای بەلەمە بچوکەکانەوە بە قاچاخ خۆیان دەگەیەنن بە ئەو وڵاتە.
ئەو دۆستەی ستامەر ناوی کریستینا مەکئانیایە. ئەم لەگەڵ سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و قەشەی نۆ کڵێسای ناوداری بەریتانی لەناو ئەو 148 کەسایەتییەدان، کە بانگەوازێکیان پێکەوە ئیمزاکردووە و ناردوویانە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و داوادەکەن ئەو پلانەی کوپەر سەرنەگرێت کە سەدان کەس دەکات بە هاووڵاتیی پلەدوو.
فاینەنشیەڵ تایمز
لەپاش بتکۆین، زێڕ دەبێت بە سەرەکیترین بابەتی بازرگانیی ترەمپ و ئەمەش کاردانەوەی پێچەوانەی بۆ سەر دۆلار دەبێت
لەم هەفتانەی کۆتاییدا، لەکایەی بازرگانیکردندا زێڕ لە پاش بتکۆینەوە بابەتی سەرەکیی بازرگانیکردنەکانی ترەمپ بووە. ناوەندە ئاگادارەکان هۆشداری دەدەن لەوەی کە بەرزبوونەوەی خواست لەسەر ئەم کاڵا گرانبەهایە وابکات گەشەی جیهانی تووشی قەیرانێک بکات.