زووم..
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، لەلایەن هەرێمەوە هەموو شتێک ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێشبینیی دەکەن کۆتایی مانگی ئازاری داهاتوو هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی بلۆمبێرگدا دەشڵێت، دانوستاندنی زیاتر لەگەڵ بەغدا دەریدەخات چەند نەوت بۆ بەکاربردنی ناوخۆ دیاریدەکرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا گفتوگۆ لەبارەی پرسی نەوت دەکات و دەکرێت ئەوە ببێتە نەخشەڕێگەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت.
لە رۆژی 25ـی ئازاری 2023ـەوە دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی تورکیاوە وەستێنراوە و لە بودجەی 2025ی عێراقدا بڕی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم پەسەندکراوە و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێکیش بە16 دۆلار دیاریکراوە.