زووم..
ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایی هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لەسەر بنەمای ئەو رێكکەوتنەی لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە بەشێکی زۆری کێشەکانی بەردەم موچە بۆ ساڵی ٢٠٢٥ چارەسەر بووە.
وەزیرى دارایی هەرێمى کوردستان راشیگەیاند، ئەوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت کار لەسەر سەرپێخستنەوەی پڕۆژەکان بکات و شایستەی داراییان بۆ دابین بکات.
ئەو قسانەى وەزیرى دارایی هەرێم لەمیانى کۆبوونەوەیەکى بووە لەگەڵ کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، کە بە گوێرەى راگەیەنراوى وەزارەتى دارایی لە کۆبوونەوەکە وەزیرى دارایی جەختى لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کردووەتەوە.
هەر بە گوێرەى راگەیەنراوەکە، کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر خۆشحاڵی خۆی بە رێکكەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر مووچە دەربڕی و رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران رۆڵی ئەرێنی دەبینێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.
هەروەها لە راگەیەنراوەکە هاتووە، کە لەبەشێکی تری دیدارەکەدا کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر چەند داواکاریەکی لەسەر کێشە و شایستەکانی کۆمپانیا ئێرانیەکان خستەڕوو، کە پڕۆژەی جیاوازیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە، لای خۆیشییەوە وەزیری دارایی رایگەیاند لەماوەی رابردوودا لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی ڕاسپاردووە کە کارئاسانی تەواو بۆ ڕایکردنی کاری ئەو کۆمپانیایانە بکەن و بەپێی توانا کار لەسەر خەرجکردنی شایستەکانیان بکەن بەچەند قۆناغێک.