زووم..
شاندی ئیمراڵی لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبووەوە، ناوەڕۆکی پەیامی عەبدوڵا ئۆجالانی لەبارەی ئاشتی لە تورکیا پێگەیاند.
بەگوێرەی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، شاندی ئیمڕاڵی بیروبۆچوونیان لەبارەی دۆخی سیاسی و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و وردەكاری و ئەنجامی دیدارەكانیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ بارزانی خستەڕوو، ناوەڕۆكی پەیامی ئۆجەلانیان بە بارزانی گەیاند.
بارەگای بارزانی دەڵێت، بارزانی جەختی لە بایەخی پڕۆسەی ئاشتی وەک تاكە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەری كردەوە و بە پێویستیشی زانی هەموو لایەک هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕ بكەنەوە كە پڕۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام.
هەروەها بارزانی ئامادەیی تەواوی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی راگەیاند.
بەگوێرەی خشتەی سەردان و کۆبوونەوەکانیان، دەبو ئەمڕۆ دوای بارزانی، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە، بەڵام بەهۆی بەشداری سەرۆکی هەرێم لە کۆنفرانسی ئاسایش لە میونشنی ئەڵمانیا، کۆبوونەوەکە بۆ کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانی سبەینێ دواخرا.
هەروەها بڕیارە دووسبەی سێشەممە، شاندی ئیمراڵی سەردانی سلێمانی بکەن، لەگەڵ هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی سکرتاریەتی مام جەلال، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کۆببنەوە.