زووم..
نووسینگەی ئەیاد عەلاوی، سیاسەتکار و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، روونکردنەوەیەکی لەبارەی گوتارەکەی دوێنێی بڵاوکردەوە و دەڵێت، قسەکانی عەلاوی بەلارێدابراون و پارچەکراون لەبارەی هەبوونی بارەگای حزبی بەعس لە هەرێمی کوردستان.
نووسینگەی ئەیاد عەلاوی دەڵێت، لێکدانەوەی ناڕاست بۆ مەبەستەکە کراوە و ئەیاد عەلاوی لە گوتارەکەیدا ئەو تۆمەتانەی رەتكردووەتەوە کە بەم دواییانە لەبارەی بوونی بارەگای حزبی بەعس لە هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوە و قسەکان لە دەقی گوتارەکە دەرهێنراوە بۆیە خراپ تێگەیشتن دروستبووە.
ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ شەممە 15-02-2025 بارەگای بارزانی لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی ئەیاد عەلاوی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەرگای هەولێر بۆ هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی کراوەیە، بەڵام بوونی لقێکی حزبی بەعس لە هەرێمی کوردستان دوورە لە راستییەوە و جێگەی پرسیارە.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئەیاد عەلاوی لەمیانی گوتارێکیدا باسی کردنەوەی لقێک بۆ حزبی بەعس دەکات و دەڵێت: مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لقێکی بۆ حزبی بەعس لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.