زووم..
بڕیارە ئەمڕۆ گەڕێکی دیکەی گۆڕینەوەی بارمتە و زیندانیان لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بەرێوەبچێت، حەماس سێ بارمتە ئازاددەکات
یائیر هۆرن، ساگی دەکل چەین، ساشا تروفانۆڤ، ناوی ئەو سێ بارمتە ئیسرائیلییەن کە چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ شەممە لە کەرتی غەزەوە ئازادبکرێن و بگەڕێنەوە نێو کەسوکاری خۆیان.
دەکل چەین ئیسرائیلییەکی رەچەڵەک ئەمریکییە،
ساشا تروفانۆڤ ئیسرائیلییەکی رەچەڵەک روسییە
هۆرنیش لەگەڵ برایەکیدا، کە ناوی ئیتانە، رەچەڵەکیان ئەرجەنتینییە، لە رۆژی 7/10/2023ـدا لە کاتی هێرشەکانی حەماسدا لە ناوچەی کەبوتز نیر ئۆز دەستگیرکراون.
لە چەند رۆژی رابردوو لە گەرمەی هەڕەشەکانی دەستپێکردنەوەی جەنگ، هەردوو لایەنی میسری و قەتەری هەوڵێکی باشیان خستەگەڕ بۆئەوەی بارودۆخی شڵۆقی ئاگربەستەکەی نێوانی حەماس و سوپای ئیسرائیل نەگات بە هەڵوەشانەوە. کارێکیان کرد، حەماس بگات بەو بڕیارەی ئەمڕۆ سێ بارمتەی تر ئازادبکات، لەبەرامبەردا ئیسرائیلیش 369 زیندانیکراوی فەلەستینی ئازاددەکات.
ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت ئەم هەنگاوە ئەو ترسە دەڕەوێنێتەوە، کە گومانی دروستکردبوو ئاگربەستەکە هەڵبوەشێتەوە.