زووم..
لەکاتێکدا پەروەردەى سلێمانى دەڵێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بایکۆت رۆژى یەکشەممە کۆتایى دێت، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ چوار ئەندامى ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازى بە زوومیان گوت، بایکۆتى هۆڵەکانى خوێندن بەردەوام دەبێت و یەکشەممە دەوام دەستپێناکاتەوە.
هەریەک لە سامان عەلى و نەجمەدین محەمەد لە دەستەى ئەنجومەنى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى، لەسەر شکاندنى بایکۆت گوتیان، ئەوان وەک ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازى بەردەوام دەبن لە بایکۆت. دەشڵێن، بایکۆت بڕیارێکى خۆڕسکى خودى مامۆستایانە.
هەروەها ئیدریس عەبدولقادر، ئەندامى ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازى گوتى، ئەوان وەک ئەنجومەنەکە لە ئێستادا بڕیارى شکاندنى بایکۆت نادەن.
دەشڵێت، تاوەکو حکومەتى هەرێم مووچەى مانگى 12 و تەوتین و مووچە فەوتاوەکان و پلە بەرزکردنەوەیان دەستپێنەکاتەوە بایکۆت ناشکێنن.
گوتیشی، لە چەند رۆژى داهاتوودا چالاکییان دەبێت و بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایى.
هاوکات، نەجمەدین محەمەد، کە مامۆستاى ناڕازییە دەڵێت، حکومەتى هەرێم بەرپرسە لە جێەجێکردنى داواکارییەکانیان و هیچى بۆ نەکردوون، بۆیە بەردەوام دەبن لە بایکۆت.
رۆژى 12ـى ئەم مانگە دوو بەرپرسێکی باڵا لە پەروەردەی سلێمانی بە زوومیان گوت، رۆژی یەکشەممە بڕیاری پێویست لەبارەی بایکۆت دەدرێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە بایکۆت لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگاکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان کۆتایی دێت.