زووم..
مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لەبارەی بانگەشەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا بۆ دانوستان لەسەر پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دەڵێ، ئەوان نایانەوێت دانوستان بکەن، بەڵکو دەیانەوێت “بڕۆین و زەلیلی دەستیان بین، ئێمەش ئەوە ناکەین.”
پزیشکیان گوتوویەتی: ئەوانەی ئەمڕۆ باسی دانوستان دەکەن، هەر ئەوانەن توندترین سزایان بەسەر گەلەکەماندا سەپاندووە و سەرجەم رێگەکانی فشاریان بەرامبەریان بەکارهێناوە و هیچ دەرچەیەکیان بۆ نەهێشتوونەتەوە، ئەگەر بەڕاستیش دەیانەوێت دانوستان بکەن، پێویستە سیاسەتی دوژمنکارەیان بەرامبەر تاران بوەستێنن.
سەرۆککۆماری ئێران جەختیکردووەتەوە لەوەی، “دوژمنەکانیان” بەو سیاسەتانە ناتوانن رایانبگرن و بەرامبەر هیچ هەڕەشەیەک کۆڵ نادەن، تەنانەت ئەگەر 100 لە وێستگە ئەتۆمییەکانیان لەنێو ببەن، تاران هەزار وێستگەی دیکە دروست دەکات.
باسی لەوەشکردووە، “دوژمنەکانیان” بە سزاکانی سەریان نەوەستاون، دەشیانەوێت ئێران لە ناوچەکە داببڕێنن، بەڵام پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دراوسێکانیان پەیوەندییەکی برایانەیە و رێگە نادەن سیاسەتی “دوژمنەکانیان” کاریگەری هەبێت لەسەری و پەرەی پێدەدەن.