زووم..
لوبنان گەشتی ئاسمانی ئێرانی هەڵوەشاندەوە و دوای هەڵوەشاندنەوەکەش لایەنگرانی حزبوڵا رێگاکانی بەرەو فڕۆکەخانەی بەیروتیان داخست و ناڕەزایەتیان نیشاندا.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رادیۆفەردا، ئەو گەشتە کە بڕیار بوو لە تارانەوە بەرەو بەیروت بڕوات، بە فەرمانی وەزارەتی گواستنەوەی لوبنان هەڵوەشایەوە. کاربەدەستانی فڕۆکەخانەی رەفیق حەریری رایانگەیاند، کە گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ بەیروت وەرناگیرێن.
دوای ئەم بڕیارە خۆپیشاندەران بە ئاڵا و وێنەی سەرکردەکانی حزبوڵاوە رژانە سەر شەقامەکان و تایەیان سووتاند و دروشمیان بەرزکردەوە.
چەند کاتژمێرێک پێش رووداوەکە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کە سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران هەوڵی گواستنەوەی پارە دەدات بۆ حزبوڵای لوبنان لە رێگەی گەشتە مەدەنییەکانەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە حزبوڵا لە شەڕی ئەم دواییەی لەگەڵ ئیسرائیلدا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و کاربەدەستانی ئیسرائیلیش پشتیوانی ئێرانیان لەو گرووپە راگەیاندووە.
هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکەی ماهان بووە هۆی ئەوەی کە سەرنشینەکان لە فڕۆکەخانەکانی بەیروت و تاران توشی کێشە ببن