زووم..
کەناڵی سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە سەرچاوە رۆژئاواییەکان رۆژی هەینی بڵاویکردەوە، ئێران دەستی کردووەتەوە بە دووبارە بەهێزکردنەوەی جبەخانە مووشەکییەکەى.
کەناڵەکە بڵاویشیکردووەتەوە، بەم دوایانە دوو کەشتی گەیشتوونەتە ئێران، هەزار تۆن مادەیەکی کیمیایی دروستکراوی چینیان تێدابووە، کە پێدەچێت پێکهاتەیەکی سەرەکی سووتەمەنی تایبەت بە مووشەک بێت و ئێران بۆ بەهێزکردنى جبەخانەى مووشەکى بەکاریبهێنێت.
بە گوێرەى کەناڵەکە، داتاکانی بەدواداچوون ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو دوو کەشتییە رۆژی پێنجشەممە لە بەندەر عەباس لە باشووری ئێران وەستاون و بارەکانیان داگرتووە.
ساڵی رابردوو ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و کارگە و کۆگاکانی مووشەکی کردە ئامانج، ئەمەش دوای هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر شارەکانی ئیسرائیل.
ئێران خاوەنی چەندین مووشەکی مەودای کورت و مامناوەند و دوورە و بە گەورەترین و هەمەچەشنترین جبەخانەی مووشەکی ناوچەکە دادەنرێت.
ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق (1980-1988) دەستی بە پەرەپێدانی جبەخانەی مووشەکیی خۆی کردووە، کاتێک شارەکانی ئێران بە مووشەکی عێراق بۆردومان کران بەبێ ئەوەی تاران چەکی رێگری هەبێت.
ئەم شەڕە خاڵی وەرچەرخانێک بوو لە گەشەسەندنی پیشەسازی مووشەکی ئێراندا، بەو پێیەی لە کاتی شەڕدا دەستکەوتنی کەرەستەی سەربازیی بۆ تاران قورس بوو، بۆیە هەوڵیدا بە کەڵک وەرگرتن لە کۆمەڵێک مووشەک سیستەمی بەرگری خۆی بەهێز بکات، کە سادەتر و هەرزانتر بوو لە پەرەپێدانی سیستەمی هێرشبەری و کڕینی فڕۆکەی جەنگی.
هەروەها ئێران لە شەڕی لەگەڵ عێراق دەستی کرد بە هاوردەکردنی ژمارەیەک مووشەکی سۆڤیەت لە لیبیا و کۆریای باکوورەوە، لە دوای جەنگیش بە هاوکاری هەندێک وڵاتی وەک کۆریای باکوور و روسیا و چین پەرەی بە سیستەمی مووشەکی خۆی دا و هەنگاوی گرنگی ناوە بەرەو ئەوەى لە بەرهەمى ناوخۆیی جبەخانە موشەکییەکەى بەهێز بکات.