زووم..
کلۆدیا شاینبام، سەرۆکی مەکسیک رایگەیاند، حکومەتەکەی بەنیازە سکاڵا لەسەر گووگڵ تۆمار بکات ئەگەر پێداگری بکات لەسەر ئەوەی ناوچەی دەریایی نێوان باکووری رۆژهەڵاتی مەکسیک و باشووری رۆژهەڵاتی ئەمریکا بە “کەنداوەکانی ئەمریکا” ناوببات.
شەینبام لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسدا راشیگەیاند، فەرمانەکەی سەرۆکی ئەمریکا سنووردارە بە بەشى ئەمریکاوە، هێشتا مەکسیک بەشێکی زۆری کەنداوەکەی بەدەستەوەیە، بۆیە ناوەکەى وەک خۆى دەمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە سەروەریمان بەسەر بەشى خۆمان لە کەنداوەکە هەیە و پارێزگاریشى لێدەکەین.
شەینبام روونیشیکردەوە، هەرچەندە حکومەتەکەی نامەیەکی بۆ گووگڵ ناردووە و رایگەیاندووە، کۆمپانیاکە “هەڵەیە” و “ناکرێت کەنداوی مەکسیک ناوی کەنداوی ئەمەریکاى لێبدرێت، وەک ئەوەى کردوویەتى، بەڵام کۆمپانیاکە پێداگری لەسەر هێشتنەوەی ناوەکە کردووە، بۆیە هەڕەشەى ئەوەى کرد سکاڵا تۆمار دەکات.
ماوەى رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا نیازی خۆی بۆ گۆڕینی ناوی کەنداوى مەکسیکى بۆ ئەمریکا راگەیاند و لە چەند رۆژى رابردووش بە فەرمى بڕیارێکى لەو بارەوە واژۆکرد، دواتیش کۆمپانیاى گووگڵ لە هەنگاوێکدا لە ئەپى گووگڵ ماپ، ماوەکەى لە کەنداوى مەکسیکەوە گۆڕى بۆ کەنداوى ئەمریکا.