زووم..
وڵاتانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا، تورکیا و ئەمریکا، وڵاتانی عەرەبی و نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا بەڵێنیاندا پشتیوانیی حکومەتی راگوزەری سوریا بکەن و بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی سەرجەم هاووڵاتییانی سوریا بکەن.
دوای دوو مانگ لە کەوتنی بەشار ئەسەد لە کۆنگرەی نێودەوڵەتیی پاریس، سەرکردە و نوێنەری وڵاتانی جیهان تاوتوێی دۆخی سیاسی سوریایان کرد.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لەوبارەیەوە گوتی، ئامانجەکە زامنکردنی سەروەری و ئاسایشە بۆ سوریا و پێکهێنانی حکومەتێک کە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا بکات.
دوای کۆنگرەکە نوێنەری وڵاتانی بەشداربووی دانیشتنەکە راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، وەک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاردەکەن بۆ زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ سوریا و ئەو هاوکارییانەی دەبنەهۆی دووبارە بووژانەوەی وڵاتەکە.