زووم..
ئەپی بەناوبانگی کورتە ڤیدیۆ تیکتۆک، کە لە ئەمریکا 170 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، دوای چەند هەفتەیەک لە وەستانی خزمەتگوزارییەکانی خزمەتگوزارییەکانی لە وڵاتە گەڕایەوە.
دواى دەستپێکردنەوەى خزمەتگوزارییەکانى تیکتۆک لە ئەمریکا، ئەپڵیکەشنەکەى لە هەریەکە لە ئەپسۆرى ئەندرۆید و پلەى ستۆرى ئەپڵ کارا بووەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا قەدەغەکردنی تیکتۆکى بۆ 5ـی نیسان دواخست و دڵنیاییدا بە کۆمپانیاکان، کە بەهۆی ئەپی چینییەوە رووبەڕووی غەرامە نابنەوە.
ترەمپ رۆژی پێنجشەممە بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، دەکرێت ئەو وادە 75 رۆژەی کە بە تیکتۆک دابوو درێژ بکرێتەوە.
ئەو لە کۆشکی سپی بۆ رۆژنامەنووسان راشیگەیاند، هێشتا هیوادارە لەگەڵ تیکتۆک بگەنە رێککەوتن بۆ ئەوەی کۆمپانیا چینییەکە بتوانێت بەردەوام بێت لە کارەکانى لە ئەمریکا.
بەگوێرەى ئامارەکانی کۆمپانیای سینسۆر، تیکتۆک دووەم ئەپی دابەزێنراو بووە لە ئەمریکا و لە ساڵی 2024 دا و زیاتر لە 52 ملیۆن دابەزاندنی هەبووە.
هەر بە گوێرەى ئامارەکان، نزیکەی لەسەدا 52ـی کۆی دابەزاندنەکان لە ئەپ ستۆری ئەپڵەوە بووە، لە کاتێکدا هەر ساڵی رابردوو لە سەدا 48 دابەزاندنى تیکتۆک لە پلەى ستۆرى ئەندرۆید بووە.