زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
کۆنگرەى پاریس.. کۆدەنگیی بوو بۆ قۆناغی راگوزەرى سوریا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، لە کۆتایی کۆنفرانسە تایبەتەکەى سەبارەت بە بارودۆخی سوریا ئەنجامدرابوو، پێداگریی لە ئامادەبوونە ووڵاتەکەى بۆ بەگژاچوونەوەى چەکدارانى داعش و هاوکاریی سوریای نوێ کرد بۆ قۆناغی راگوزەر، رەنگدانەوەى خواستى ووڵاتانى ئەوروپاش بۆ ئەومەبەستە.
ماکرۆن گوتی، پیشوازیی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماریی سوریا دەکات بێتە پاریس، داوای لە هێزەکانى سوریای دیمەکراتیش کرد، بێنە نێو ریزەکانى سوپای نیشتمانیی سوریاوە.
قودسی عەرەبی
بەرپرسێکى ئەمنی سوریا: 30 ملیۆن حەبی هۆشبەری “کەبتاگۆن”مان لە یەک کارگەدا دەست بەسەردا گرتووە
بەرپرسێکى ئەمنیی سوریا لە هۆبەى بەگژاچوونەوەى مادەهۆشبەرەکان، بە رۆژنامەى قودسی عەرەبی گوتوە، دەستیان بەسەر زیاتر لە 30 ملیۆن حەبی هۆشبەرى جۆری کەبتاگۆندا گرتووە.
ئەنوەر ئەحمەد عەبدولحەی بە رۆژنامەکەى گوتوە، ئەو بڕە تەنها لە یەک کارگەدا دەستى بەسەرداگیراوە، لەناوچە سنوورییەکانى نێوان سوریا و لوبنان.
دەشڵێت چیتر سوریا وڵاتێک نەماوە جارێکی دیکە ببێتەوە جێگەى مەترسیی ووڵاتانى دیکەى هاوسێ و ناوچەکە بۆ دۆسیە مەترسیدارەکەى مادەى هۆشبەر و دزەپێکردن و بازرگانیپێکردنى، ئەو کەسانەى لە کارگەدا دەست بەسەرکراون، هەندێکیان سەر بە رژێمەکەى بەشار ئەسەد بوون و بەشێکیان بەرپرسیارێتیی ئەمنییان هەبووە، دۆسیەى لێکۆڵینەوەش لەگەڵیان دەستیپیکردووە.
عەرەبی جەدید
ئەمریکا بە هێرشی ئیسرائیل هەڕەشە لە ئێران دەکات
ئاستى هەڕەشەکانى ئەمریکا لە ئێران، لە رۆژانى رابروودا بەرزبووەتەوە، ئەوەش دوای سەردانە چاوەڕوانکراوەکەى بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل بۆ واشنتنی پایتەختى ئەمریکا و کۆبوونەوە و گفتوگۆکانى لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو ووڵاتە.
نەتەنیاهۆ هەمیشە پێداگریی لە بڕینى پەلوپۆی هەشتپێیەکە (ئەختەبووت) کردووەتەوە، کە مەبەستی ئێرانە، لەوەى دەستى بە چەکى ئەتۆم بگات و هەڕەشەی پێبکات.
ئەو هەڕەشانەى ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگا ئەتۆمییەکانى ئێران، رەنگە بۆ زیاتر ملکەچپێکردنى ئێران بێت بۆ ئەو فشار و گەمارۆ ئابوورییە نوێیانەى ئیدارەکەى ترەمپ بەسەر تارانیدا سەپاندووە، بەتایبەت دوایین پەیامى عەلی خامنەیی، رێبەرى باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامى ئێران کە گوتوبووی ووڵاتەکەى لەگەڵ ترەمپ ناچێتە نێو دانوستان و رێککەوتنەوە.
عەرەب
کریستیانەکانى عێراق داوادەکەن میلیشیا چەکدارەکان لە ناوچەکانیان دووربخرێنەوە
نوێنەرى پێکهاتەى کریستیانەکانى عێراق لە پارێزگای نەینەوا، جارێکی دیکە داوای دوورخستنەوەى میلیشیا چەکدارەکان دەکەنەوە لە سنووری ناوچەکانى نیشتەجێبوونیان لە پارێزگای نەینەوا لە باکووری عێراق.
ئەوان دەڵێن رەفتار و مامەڵەى ئەو میلیشیایانە، کاریگەرییان کردووەتە سەر نەک هەر نەگەڕانەوەیان بۆ سەر ناوچە و شوێنى نیشتەجێبوونى خۆیان کە لە دوای هەڕەشە و هێرشە خوێناوییەکانی چەکدارانى داعشەوە جێیان هێشتووە، بەڵکو رەنگە کۆتایی بەو بوونە مێژوویەشیان بهینێت کە هەزاران ساڵە لە عێراق هەیانە.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی بیرلیک
کچی ئەندامێکی شارەوانی جەهەپە لەنێو ریزەکانی پەکەکەیە
لە ئۆپراسیۆنێکی پۆلیسیدا بۆ سەر شارەوانییەکانی جەهەپە، 10 ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی سەربە جەهەپە دەستگیرکراون و رەوانەى دادگا کران. یەک لەوانەش ئەلیف گول-ی ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی سەنجەکتەپە-ی جەهەپە لە ئیستانبوڵ.
پێشتر ئەم ئەندامە سەردانی قەندیلی کردووە بەهۆی ئەوەى کچەکەى لەنێو ریزەکانی پەکەکەدایە کە ناوی دیلان گولە.
پۆلیس رایگەیاندووە ئەو ئەندامانەی دەستگیرکراون پەیوەندیی و هەماهەنگیان لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی و دەم پارتیدا هەیە.
یەنی ئاسیا
لەگەڵ هاتنى رەمەزان خواردن گران کرا
بەگوێرەى نرخە نوێیەکانی خواردنی مارکێتەکان لەمساڵدا لەگەڵ نزیکبونەوەى مانگی رەمەزان بە بەراورد لەگەڵ رەمەزانی ساڵی پار نرخەکان بە رێژەى سەدا 50 بۆ سەدا 70 بەرزبۆتەوە.
هاوکات نرخی کۆلێرەش بە رێژەى سەدا 30 گران کراوە.
بیرگون
تورکیا لە رووی ئازادییەکانەوە یەک لە خراپترین 10 وڵاتە
بەگوێرەى توێژینەوەکان لە تورکیا فشارەکان بۆ سەر چینی ئەکادیمییەکان زیاتر بووە و تورکیا بووەتە یەک لە خراپترین 10 وڵاتی جیهان کە فشار و رێگریی زۆر بەسەر ئەکادیمی و نووسەران هەیە.
ئەڤرەنسەل
گەورەشارەوانیی وان رادەستی حکومەت ناکرێتەوە
عەبدوڵا زەیدان سەرۆکی گەورەشارەوانیی وانی باکووری کوردستان رایگەیاند بڕیاری دادگا بۆ زیندانی کردنم بڕیارێکی سیاسییە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. گوتیشی: قەیوم جێگەى قبوڵ کردن نییە و گردبونەوەکانمان لەبەردەم باڵەخانەى شارەوانیی بەردەوام دەبێت و ئامادەنین شارەوانییەکەمان رادەستی حکومەت بکەینەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
بەرزکردنەوەی %2.5ـی بودجەی بەرگری گونجاو نییە
سەرکردە باڵا سەربازییەکانی بەریتانیا هۆشداری دەدەن کە زیادکردنی بودجەی بەرگری بۆ %2.5ـی بەرهەمی ناوخۆیی گونجاو نابێت، بەریتانیا دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر بکات بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی.
ئەم هۆشدارییە لەدوای لێدوانەکانی کەیر ستارمەر، سەرۆکی پارتی کرێکاران دێت، کە رایگەیاندبوو ئەگەر ببێتە سەرۆک وەزیران بودجەی بەرگری زیاددەکات.
بەڵام، بەرپرسانی سەربازی پێیانوایە ئەم بڕە زیادکردنە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە جیهانییەکان لەوانە کردەوە توندوتیژییەکانی روسیا و چین بەس نییە. ئەم نیگەرانیانە زیادیکردووە بەهۆی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، کە رەنگە هێزەکانی ئەمریکی لە ئەوروپا بکشێنێتەوە، ئەمەش دەتوانێت ئاسایشی ناتۆ بخاتە مەترسییەوە.
گاردیەن
هەموو بژاردەکان بۆ راگرتنی شەڕی ئۆکراین لەبەردەستن
پیت هێگست، وەزیری بەرگری ئەمریکا، لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ناتۆ لە برۆکسل رایگەیاند بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین، هەموو بژاردەکان لەبەردەستدان.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدا دێت کە حکومەتی ئەمریکا سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە ستراتیژی خۆی بۆ پشتگیریکردنی ئۆکراین.
هێگست هەروەها پێشنیازی کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکی لە ئەوروپا کرد، ئەمەش نیگەرانی هاوپەیمانەکانی ناتۆی وروژاند.
سەرکردە ئەوروپییەکان نیگەرانن لەوەی ئەمریکا لە پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر ئۆکراین و ناتۆ پاشەکشە بکات و ئەوەش سوود بە روسیا بگەیەنێت.
فاینەنشیاڵ تایمز
ماکرۆن: پێویستە ئەوروپا پاراستنی ئاسایشی خۆی بەهێزتر بکات
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەسەڵاتی بە “شۆکێکی کارەبایی”بۆ ئەوروپا ناوبرد و جەختیکردەوە کە ئەم دۆخە دەبێت ئەوروپا ناچار بکات لە پرسەکانی ئاسایشدا سەربەخۆیی زیاتر بەدەستبهێنێت.
ئەو هۆشداریدا کەئەمریکا رەنگە وەک جاران پارێزگاری لە ئاسایشی ئەوروپا نەکات و ئەم کیشوەرە دەبێت خۆی بۆ سیناریۆ نوێیەکان ئامادە بکات.
ماکرۆن لە وتارێکدا لە کۆشکی ئەلیزە گوتی، کە پەیامی ترەمپ بۆ ئەوروپا ئەوەیە “باری ئاسایشی خۆتان هەڵبگرن”.
چاینادەیلی
بەردبووەکانی چین مێژووی پەرەسەندنی باڵندەکان سەرلەنوێ دەنووسنەوە
کۆمەڵێک بەردبووی دۆزراوە لە چین باڵندەکانی سەردەمی ژۆراسیک نیشان دەدەن و مێژووی پەرەسەندنی باڵندەکان دەنووسێتەوە.
تیمێکی توێژینەوە لە دامەزراوە زانستییە جۆراوجۆرەکان، ئەم بەردبووانەیان پشتڕاستکردووەتەوە کە بۆ 150 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە و تایبەتمەندییان هەیە کە هاوکات هاوشێوەی باڵندەکان و دایناسۆرە ناباڵندەکانن.
دکتۆر شو شینگ پێیوایەکە ئەم دۆزینەوەیە دیدگایەکی نوێ دەربارەی پەرەسەندنی باڵندەکان پێشکەش دەکات و بۆ تێگەیشتن لە سەرچاوەی پێگەیشتنی جۆرەکانی ئەمڕۆ زۆر گرنگە.
توێژەران هیوادارن بە هاوکاری دامەزراوە توێژینەوەییەکان، توێژینەوەی سیستەماتیکی زیاتر لەم بوارەدا ئەنجام بدەن و مێژووی ژیان و پەرەسەندنی جیهان بنووسنەوە.