زووم..
تاهیر نونو سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس داوای کرد دەستبەجێ گفتوگۆ لەسەر قۆناغی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست دەستپێبکات و ئیسرائیلیش بەرپرسیار دەکات لە هەر دواکەوتنێک، جەختی لە رۆڵی ناوبژیوان و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە کردووەتەوە.
نونو، راوێژکاری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە راشیگەیاندووە، حەماس لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ناوبژیوانان جەختی لەوە کردەوە، دەبێت ئیسرائیل پابەند بێت، هێنانی خانووی گەڕۆک و خێمە و سووتەمەنیش بەردەوام بێت، ئەمە جگە لە رێگەدان بەو ئامێرانەی، پێویستن بۆ لابردنی داروپەردوو ، دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ دەستەبەرکردنی ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە غەزە و دەستپێکردنەوەی ژیانى ئاسایی.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی زۆری ئەم هاوکارییە ئێستا ئامادەیە بۆ چوونە نێو کەرتى غەزە، جەختیشیکردەوە لەسەر رەتکردنەوەی هەر دواخستنێک یان دواکەوتنێک لەلایەن ئیسرائیلەوە لەم رووەوە.
نونو ئاماژەی بەوەشکرد، بزووتنەوەکە پابەندە بە بەڵێنەکانی بەپێی ئەو خشتە کاتییە رێککەوتووە، بەو مەرجەی ئیسرائیل پابەند بێت بەڕێگەدان بە هاتنە ناوەوەی هاوکارییەکان.
مانگى رابردوو، ئیسرائیل و بزووتنەوەى حەماس لەسەر رێکەوتنى ئاگربەستى غەزە رێکەوتن، کە خۆى لە سێ قۆناغ دەبینێتەوە و قۆناغى یەکەمى بەرەو کۆتایی دەبێت و بڕیارە قۆناغەکانى دیکەشى دەستپێکات.