لە خولى ئەستێرەکان، سبەینێ دهۆک دەبێت بە میوانى قاسم، هەولێر و زاخۆش یارى لوتکە دەکەن.
لە هەفتەى ٢٠ى خولى ئەستێرەکانى عێراق، سبەینێ کاتژمێر پێنجى ئێوارە، یانەی دهۆک لە یاریگای فەیحا دەبێتە میوانی قاسم.
دهۆک نایەوێت بە ئاسانی خۆی بدات بە دەستەوە، چونکە رکابەری یانەکانی پێشەوەی ریزبەندی دەکات.
پێش ئەم یارییە قاسم بە ٢٨ خاڵ پلەی حەوتەمی ریزبەندی گرتووە، دهۆکیش بە ٣٤ خاڵ لە پلەی چوارەمدایە.
دوا بە دوای ئەو یارییە و لە کاتژمێر حەوت و ٣٠ خولەکدا، یانەی هەولێر لە یاریگای فرانسۆ هەریری، میوانداری زاخۆ دەکات.
هەولێر لە بارودۆخێکی باشدا نییە و دوو یارییە بردنەوەی بەدەستنەهێناوە و ئەرکی قورسە، لەبەرئەوەى بەرامبەر پێشەنى ریزبەندى خولەکە یارى دەکات، لە بەرامبەردا زاخۆ نایەوێت بە ئاسانی سێ خاڵی یارییەکە لەدەست بدات، هەوڵ دەدات پارێزگارى لە پێشەنگییەکەى بکات.
لە ئێستادا هەولێر بە ٢٨ خاڵ لە پلەی هەشتەمدایە و زاخۆش بە ٣٨ خاڵ پلەی یەکەمی ریزبەندیەکەى گرتووە.