یەکێتی تۆپی پێی سلێمانی لەسەر شەڕ و ئاژاوەی یاریی کۆتایی خولی فوتساڵی کچانی سلێمانی و دەوروبەری چەند بڕیارێکی دەرکرد و راهێنەرێک و یاریزانێکیش سزادران.
لیژنەی سزادانى یەکێتی تۆپی پێی سلێمانی سەبارەت بە شەڕو ئاژاوەی یاریی کۆتایی فوتساڵی یانەکانی سلێمانی و دەوروبەری لەسەر راپۆرتی ناوبژیوان و سەرپەرشتیاری یارییەکە و بەجێهێشتنی یاریگا لەلایەن کچانی ئەفرۆدێتەوە، بڕیاریدا بە ڕاگرتنى عەباس فەرەج راهێنەری کچانی ئەفرۆدێت بۆ ماوەی ساڵێک و بەشدارینەکردنی لە هیچ خولێکی یەکێتی تۆپی پێی سلێمانی.
هاوکات لیژنەکە زوین ئەکرەمى یاریزانی ژمارە ١٢ی کچانی ئەفرۆدێتى بۆ ماوەی شەش مانگ ڕاگرت، بەهۆی هێرشکردنە سەر هاندەرێکی ئامادەبووی یاریگا و دروستکردن پشێووی لە یاریی کۆتاییدا.
یارى کۆتایى خولەکە، کە لە نێوان ئەفرۆدێت و چیادا بوو، بەهۆى کشانەوەى ئەفرۆدێت لە خولەکەکانى کۆتاییدا، چیا بە براوە دانرا و بۆ یەکەم جار نازناوەکەى بەدەستهێنا، کە تا پێش رووداوەکە بە سێ گۆڵ بۆ هەردوولا یەکسانبوون.