زووم…
کامەران عوسمان لێپرسراوی دیسکی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی سی پی تى ئەمریکی رایگەیاند، لە بەرەبەیانی دوێنێوە، سوپای تورکیا حەوت جار بۆردوومانی گوندەکانی سنووری بنارى قەندیل و قەزای پشدەری کردووە، بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتوەتەوە.
کامەران عوسمان لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، دوێنێ کاتژمێر 5:40 خولەکی سەرلەبەیانی، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی گوندی ئێندزە، بێپاڵان، کۆمتان و کورتەکیان لە قەزای پشدەر کرد، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش کاژمێر 10:35 خولەک، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی هەریەک لە گوندەکانی ئەبوبەکرە و قەڵاتووکانیان کرد لە سنووری قەزای پشدەر.
دەشڵێت، ماوەی دوو رۆژە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە نزمی بەسەر قەزای پشدەر و ئیدارەی راپەڕیندا دەسووڕێنەوە، لە بۆردومانەکانیشدا هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبووەتە قوربانی، بەڵام زیان بەر ژینگە و دارستانەکانی ناوچەکە کەوتووە.