زووم..
کەشناسیی پێشبینی دەکات، لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەپۆلێكی بەفر و بارانبارین بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و سبەینێش لە سەنتەری پارێزگاكانی سلێمانی و دهۆک بەفر ببارێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا پێشبینی کەشی ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بارانبارین لە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی زاخۆ بە شێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند دەست پێدەكات، پاشان كاریگەریەكەی درێژدەبێتەوە بۆ ئیدارەی سۆران و ڕاپەرین و پارێزگای هەولێر، لە ناوچە شاخاوییەكانی باكورو باكوری ڕۆژهەلاتی هەرێمیش بەفر دەبارێت.
کەشناسیی دەشڵێت، درەنگانی شەو و بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی بارانبارین تەواوی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت هەروەها پێشبینی بەفربارین لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و دهۆک و قەزا و ناحیەكانی ئەو دوو پارێزگایە و ئیدارە سەربەخۆكان ببارێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەشدەکات، سبەی شەو کاریگەری شەپۆلەکە لەسەر ناوچەکە کۆتایی دێت و بەرزترین پلەی گەرما لە ئیدارەی گەرمیان دەبێت کە 17 پلەیە و نزمترین پلەش لە ناحیەی حاجی ئۆمەران دەبێت بە سێ پلەی ژێر سفر.