زووم..
ئەحمەد عومەر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆسەری لە کانتۆنی تەقبە بە میدیاى رۆژاڤاى راگەیاند، تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژاڤای کوردستان چڕترکردوەتەوە، جگە لە بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی، ژێرخانی ناوچەکانیشی وێرانکردوە.
دەڵێت، بەهۆى بۆردومانکردنی وێستگەی کارەبای جەڕنیە، زیانی ملیۆن و نیوێک دۆلاری پێگەییشتووە و وێستگەکە لەکارکەوتوە، هەر لەبۆردومانەکەدا پەمپەکانی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیانی سوتاون و بەهۆیەوە دانیشتوانی زیاتر لە 100 گوندی ناوچەکە بێ ئاو و کارەبا بوون و ئێستا لە دۆخێکی سەختدا دەژین.
ئەحمەد عومەر دەڵێت، پێویستە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی پێکبهێندرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی تورکیا و زیانگەیاندن بە ژێرخانی ناوچەکانی رۆژاڤا.
ئەو دەڵێت، بە بەرچاوی وڵاتانەوە تورکیا و گرووپەکانی هێرشدەکەنە سەر رۆژاڤا، بەڵام سەرجەمیان بێدەنگن و هیچ کاردانەوەیەکیان نییە.