زووم…
رۆژنامە تورکییەکان
میللی گەزەتە
پێش هاتنی رەمەزان نرخی گۆشت بەرزکرایەوە
سەرەڕای ئەوەی حکومەتى تورکیا رایگەیاندبوو لە مانگی رەمەزاندا نرخی گۆشت زیاد ناکرێت، کەچی لەگەڵ نزیکبونەوەى مانگی رەمەزان، بۆ کیلۆیەک گۆشت نرخەکەى 15 لیرەی چووەتەسەر.
ئایدن توفەکچی سەرۆکی ژووری قەسابەکان رایگەیاندووە لە هەندێک شوێن نرخی کیلۆیەک گۆشت 20 بۆ 30 لیرە بەرزبووەتەوە.
ئایدنڵک
شەش پەیامی ڤیدۆیی ئۆجالان بەدەست دەم پارتی گەیشتووە
عەبدولرەحیم سەماوی کەسایەتیی دیاری تورکیا کە پێشتر لە دەستەى عاقڵمەنداندا لە پڕۆسەی ئاشتی رۆڵی گێڕاوە. رایگەیاندووە لەلاى حکومەتی تورکیا و دەم پارتی شەش پەیامی ڤیدۆیی عەبدوڵا ئۆجالان هەن، هێشتا بڵاونەکراونەتەوە بۆ رایگشتی.
ئۆجالان بە شاندی ئیمراڵی گوتووە سەردانی مەسعود بارزانی بکەن دواتر پەیامەکەی من بڵاوبکەنەوە، ئۆجالان لەگەڵ تورکەکاندا رێککەوتووە، هەروەها بۆچوونی بارزانیش بە گرنگ دەزانێت.
یەنی بیرلیک
سەرۆکی میت داوا دەکات یەکپارچەیی خاکی سوریا بپارێزرێت
ئیبرایم کاڵن سەرۆکی میت رایگەیاند، میت تەنها لەنێو خاکی تورکیا رۆڵی کاریگەریی نییە بەڵکو لە دەرەوەی سنووری تورکیاش رۆڵێکی کاریگەریی هەیە و لەسەرئاستی نێودەوڵەتی رۆڵی لە پرسە ئەمنییەکاندا هەیە.
گوتیشی میت لە سوریا بە وردی چاودێری رەوشی نێوخۆی ئەو وڵاتە دەکات و بە هیچ شێوەیەک وڵاتەکەى رێگە بە دابەشبوونی سوریا نادات و لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی سوریان.
بیرگون
رۆژانە خواردنی هەزاران کەس لە کۆشکی کۆماری بەهەدەر دەچێت
بەگوێرەى بەدواداچوونەکان رۆژانە شەش تۆن خواردن لە چێشتخانەى کۆشکی سەرۆککۆماریی تورکیا فڕێدەدرێت. بەمەش پاشماوەی چێشتخانەى کۆشکی کۆمار هێندەی خواردنی هەزار و 500 ماڵە.
چاوەکان لەسەر بەهەدەردانی خواردن و داهاتی گشتییە لە کۆشکی کۆماریی.
رۆژانە خۆڵ و پاشماوەی خواردنەکانی کۆشکی کۆماری لە 50 کۆنتێنەردا فڕێ دەدرێت کە هێندەى خواردنی هەزار و 500 ماڵ دەکات.
رۆژنامە فارسییەکان…
جەهانی سەنعەت
کەمئاوی بووەتە مەترسی لەسەر ژیانی جووتیارانی پەمۆ
بەهۆی کەمئاوی و بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان، جووتیارانی پەمو کەمتر ئارەزووی چاندنی ئەم بەرهەمەیان هەیە.
لە ساڵی 2015 پلانێکی 10 ساڵە بۆ خۆبژێنی لە بەرهەمهێنانی پەمو داڕێژرا، بەڵام هێشتا ئامانجەکە بەدینەهاتووە.
پەمو کە بەهۆی بازرگانیی بەرفراوانییەوە بە “زێڕی سپی” ناسراوە بەڵام بەردەوامیی وشکەساڵی و قەیرانی کەمئاوی، مەترسیی لەناوچوونی ئەم بەرهەمەی لە ئێراندا دروستکردووە.
کەمبوونەوەی رووبەری چاندنی پەمو بەهۆی وشکەساڵییەوە نیگەرانی دروست کردووە و جۆرە نوێیەکانی پەمو بە جووتیاران دەناسێنرێن بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو.
ئارمانی ئێمروز
ئاماری رووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران مەترسیدارن
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵانە نزیکەی 20 هەزار کەس لە ئێران بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە گیان لەدەستدەدەن.
تەنیا لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 54 هەزار کەس بوونەتە قوربانیی ئەم رووداوانە.
گرنگترین هۆکارەکانی ئەم رووداوانە بریتین لە خراپیی کوالێتی ئۆتۆمبێلەکان، کۆنبوونیان و خراپی رێگاوبانەکان.
تەیمور حوسێنی فەرماندەی پۆلیسی هاتوچۆی ئێران دەڵێت کە 70٪ی گیانلەدەستدانەکان بەهۆی رووداوەکانی دەرەوەی شارەکانن.
حوسێنی دەڵێت پێویستە یاساکانی هاتوچۆ پێداچوونەوەیان بەسەردا بکرێت و کاری زیاتر لەسەر هۆشیارکردنەوەی شۆفێران و باشترکردنی رێگاوبانەکان بکرێت.
ئاسیا
ئێران هەنگاوی نوێ بۆ پەرەپێدانی گەشتیاریی تەندروستی دەنێت
ئەحمەد میدەری، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی ئێران رایگەیاند حکومەت هەوڵدەدات ئاستەنگە بازرگانی و کارگێڕییەکان بۆ هاتنی نەخۆشانی بیانی کەمبکاتەوە لە چوارچێوەی پلانێکی گشتگیر بۆ پەرەپێدانی گەشتیاریی تەندروستی.
میدەری دەڵێت ئەم هەنگاوە ئامانجی بەهێزکردنی ئابووری، زیادکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و باشترکردنی ژێرخانی تەندروستی و گەشتیارییە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئێران توانایەکی بەرزی لە بواری پزیشکیدا هەیە.
بڕیارە ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزا و کەمکردنەوەی رێکارە کارگێڕییەکان بکرێت بۆ ئەوەی نەخۆشانی بیانی بە ئاسانی سەردانی ئێران بکەن.
ئەبرار
50%ـی بینای قوتابخانەکانی ئێران بێکەڵکن
مستەفا موعین، وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا، باس لەوە دەکات، کەرامەتی مرۆڤ پەیوەندییەکی بەهێزی بە مافە بنەڕەتییەکان و دەرفەتی یەکسان لە پەروەردە، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بژێوی و خۆشگوزەرانییەوە هەیە، بەڵام بەهۆی شەڕ، گەمارۆ، هەڵاوسان و کێشەی ئابوورییەوە، بژێوی خەڵک لە ئێران تووشی فشاری زۆر بووەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، ٩٩٪ـی بودجەی پەروەردە تەرخانکراوە بۆ خەرجییە رۆژانە و تەنیا ١٪ ـی بۆ بواری چاکسازی و دروستکردنی قوتابخانە تەرخان دەکرێت، لە کاتێکدا نیوەی تەنها قوتابخانەکان لە رووی سەلامەتی و ئاسایشدا لە ئاستێکی باشدان.
هەروەها کێشەی کەمیی مامۆستا، جیاکاری لە دەستڕاگەیشتن بە پەروەردەی کوالیتی بەرز و ئایدۆلۆژیابوونی بەرنامەکانی خوێندن، کێشەی دیکەی ئەم کەرتەن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
لەرێی گرووپی تیرۆریستییەوە مافی پەنابەری لە بەریتانیا وەربگرە
ژنێکی نایجیری لە بەریتانیا مافی پەنابەریی بەدەستهێنا، دادوەرەکەی دەڵێت بە نیازی راستەقینەوە لە گرووپی تیرۆریستیدا نەبووە، هەشت جار داخوازیی پەنابەریی پێشکەشکردووە، رەتکراوەتەوە، بەڵام دواجار پەیوەندیکردووە بە گرووپێکی تیرۆریستییەوە، دوای ئەوە مافی پەنابەری وەرگرتووە.
ئەو دادوەرەی فەرمانیداوە مافی پەنابەری پێبدرێت، گوتویەتی ئەو ژنە تەمەنی ٤٩ ساڵە، لەبارەی بیروباوەڕە سیاسییەکانی خۆیەوە راستینەکردووە، پەیوەندیی بە گرووپی تیرۆریستییەوە کردووە، بۆئەوەی بیسەلمێنێت کێشەی سیاسیی هەیە و مافی پەنابەریی پێ وەربگرێت.
ئەم کەسە لە ساڵی 2011ـدا گەشتووە بریتانیا، مافی مانەوەی پێنەدراوە، بەڵام لە ساڵی 2017ـدا و هەر لەناو بریتانیاوە پەیوەندیی کردووە بە گرووپی تیرۆریستیی قەدەغەکراوی (خەڵکی بیافرا)ـوە، بۆئەوەی ئیتر رێگەی پێنەدرێتەوە بچێتەوە نایجیریا و لە بەریتانیادا بمێنێتەوە.

تایمز
ترەمپ و پوتین گفتوگۆی ئاشتییان لەبارەی ئۆکراین دەستپێکرد
زێلینسکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ماناداری لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکادا ئەنجامداوە.
ترەمپ دەڵێت گفتوگۆکان زۆرباش و بەرهەمدار بوون، وای بۆدەچێت بتوانێت لە سعودیە پوتین ببینێت، هەر لەم رووەوە گوتی،
کارێکی باش نابێت ئۆکراین ببێت بە ئەندامی ناتۆ.
ئەم باسە لەلایەن رۆژنامە بەریتانییەکانەوە گرنگیی زۆری پێدراوە. گاردیەن، میرەر، دەیلی ئێکسپرێس، فاینەنشیەڵ تایمز وئیندیپێندەنت کردوویانە بە بابەتی سەرەکیی لاپەڕەی یەکەم.
گەڵفنیوز
ئەمینداری کۆمکاری عەرەبی رەخنە لە پلانەکەی ترەمپ دەگرێت
ئەحمەد ئەبولغەیت ئەمینداری گشتیی کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی رەخنەی لە پلانەکەی ترەمپ بۆ راگواستنی خەڵکی غەزە گرت و رەتیکردەوە جیهانی عەرەبی هاوڕابن لەگەڵ ئاوارەکردنی دانیشتووانەکەی.
لەبارەی پلانەکەی ترەمپەوە گوتی، هەنگاوێکی ناپەسەندە و ناسنامەی فەڵەستینییەکان دەسڕێتەوە، دەڵێت ئەمڕۆ غەزە کراوە بە ئامانج و رەنگە سبەینێش چاویان بکەوێتە سەر کەناری رۆژئاوا، بەو مانایەی دەیانەوێت فەڵەستین لە خەڵکە رەسەنەکەی چۆڵبکەن.
رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت
لە پاریس کۆنگرەی پشتیوانی لە سوریا بەڕێوەدەچێت
ئەمڕۆ لە پاریسی پایتەختى فەرەنسا کۆنگرەیەکى تایبەت بە دۆخی سوریا بەڕێوەدەچێت، ئەسعەد شەیبانى وەزیرى دەرەوە بەشدار دەبێت.
لەو کۆنگرەیەدا لەبارەى ئاڵنگارییەکانى سوریا و لەمپەرەکانی بەردەم ئاوەدانکردنەوەی سوریا گفتوگۆ دەکرێت.
سێ ئامانجی سەرەکی لەبەرچاوگیراوە، ئەوانیش بریتین لە، دەستاودەستى دەسەڵات بەشێوەیەکى ئاشتییانە، دووەم بەگەڕخستنى هاوپەیمان و دۆستەکانى سوریا بۆ باشترکردنى
هاوکارییەکانیان بۆ خەڵکی، لەگەڵ جێبەجێکردنى یاسا و سزادانی تاوانباران بەگوێرەی یاسا.
ماکرۆن یەکەم سەرۆکی جیهان بووە بانگهێشتى ئەحمەد شەرعی کردووە بۆ وڵاتەکەى، هەروەها یەکێک لەو تەوەرانەى بەردەوام قسەیان لەبارەوە کردووە کێشەى کورد بووە لە سوریا، ماکرۆن رۆڵی هەسەدەى لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆردا بەرزنرخاندووە.
عەرەبی جەدید
ئیسرائیل نایەوێت لە سوریا بکشێتەوە
ئامادەکاری و جووڵەى هێزە سەربازییەکانى ئیسرائیل لە خاکی سوریا ئاماژەن بۆ مانەوەیان، پێدچێت نەیانەوێت بکشێنەوە.
سوپاى ئیسرائیل کارئاسانى بۆ خەڵکی ناوچا سنوورییەکان دەکات، پێداویستییەکانیان بۆ دابیندەکات، سەرقاڵی چارەسەرکردنى ئاوە بۆیان.
رۆژنامەى مەعاریف بڵاویکردووەتەوە سوپاى ئیسرائیل رێگەى هەندێک لە گوندەکانى کردووەتەوە، نایانەوێت بەریەککەوتنیان هەبێت لەگەڵ دانیشتووانى ناوچەکە، ئامێری تەکنۆلۆژیی نوێ جێگیردەکەن، بنکە سەربازییەکان دەگۆڕن بۆ بنکەى مەدەنى، بەردەوام چاودێریی ناوچەکە دەکەن.
دروستکردنى چێشتخانە و دەستشۆر و شوێنى خۆشۆردن بەشێوەیەکى هەمیشەیی، بەڵگەى مانەوەى هێزە سەربازییەکانى ئیسرائیلن لە سوریا.

عەرەب
حزبوڵا وادەى بەخاکسپاردنى حەسەن نەسروڵاى دیاریکرد
ئەندام و لایەنگرانى حزبوڵاى لوبنان لەڕێگەى سۆشیاڵ میدیا و تۆڕى ئینتەرنێتەوە دەستیانکردووە بە بڵاوکردنەوەى بەرنامە و کارى رێورەسمی بەخاکسپاردنى حەسەن نەسروڵا، کە لە رۆژى 23ـى شوباتى ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.
عەلى زاهیر سەرپەرشتیاری رێورەسمەکە رایگەیاندووە لە کاتژمێر یەکی دوانیوەڕۆی رۆژی 23ـى شوبات لە یاریگاى شارى کەمیل شەمعون مەراسیمەکە بەڕێوەدەچێت.
و تەرمی حەسەن نەسروڵا و سەفییەدین دێننە نێو گۆڕەپانەکە و بە ئامادەبوونی ژماریەکی زۆر لە بەرپرسان لە 79 وڵاتى دونیایەوە نەعیم قاسم وتارێک پێشکەش دەکات.
ئەم کارەى حزبوڵاى لوبنان لەنێوتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەى زۆری لێکەوتووەتەوە، بەشێک لە هاووڵاتیان بە هەلیانزانیوە لەو رێگەیەوە هێرش بکەنە سەر ئەو حزبە و ئێران و بە هۆکاری وێرانکردنى وڵاتەکەیان ناویان ببەن