جانێت یێلن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، دانانی سنورێک بۆ نرخى نەوتی روسیا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە، دەبێتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی گرنگترین سەرچاوەی داهاتی ئەو وڵاتە. روسیاش رایگەیاند، سنوردانانەکە قبوڵ ناکەن.
دوێنێ، 2ى کانونى دووەمى 2022، رێککەوتنەکە بە فەرمی لەلایەن هاوپەیمانانی رۆژئاواوە پەسەندکرا و دووشەممەى داهاتوو دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەى رێککەوتنەکە، وڵاتانی ئەوروپا لە 60 دۆلار زیاتر نادەن بە روسیا لەبەرامبەر کڕینی هەر بەرمیلێک نەوت لەو وڵاتە.
دانانی ئەو نرخە، کە 25 دۆلار لە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا کەمترە، داهاتی مانگانەی نەوتی روسیا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە و وەک سزایەک دانراوە بۆ سەر روسیا، بەهۆی هێرشەکانی بۆسەر ئۆکراین.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا راشیگەیاند، ئەو سزا نوێیەی سەر روسیا بە تەنها زیان بە سەرچاوەی داهاتی ئەو وڵاتە ناگەیەنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی سودگەیاندن بەو وڵاتانەی داهاتیان کەم یان مامناوەندە، لە کاتێکدا بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی و خۆراک لە جیهاندا دۆخی دانیشتوانی ئەو وڵاتانەی خراپترکردووە.
وڵاتانانى رۆژئاوا بڕیارەکە بە سزادانى پوتین ناو دەبەن
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو رێککەوتنە دارایی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا کەمتر دەکاتەوە و “ئەو داهاتانەی بۆ دابینکردنی بودجەی لەشکرکێشییە دڕندەکانی بەکاریدەهێنێت سنوردار دەکات” لە هەمانکاتدا مەترسی لەسەر کەمی خستنەڕووی سوتەمەنی لە جیهاندا کەمدەکاتەوە، کە رەنگە ببوایەتە هۆی ئەوەی بەرزبوونەوەى نرخی سوتەمەنی لە سەرانسەری جیهاندا.
دانانی سنورێک بۆ نرخی نەوتی روسیا، لە مانگی ئەیلولدا لەلایەن گروپی وڵاتانی G7 (ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و یەکێتی ئەوروپا) خرایەڕوو، ئەمەش وەک هەوڵێک بوو بۆ لێدان لە تواناکانی مۆسکۆ بۆ دابینکردنی داهات بۆ شەڕی ئۆکراین.
دوێنێ، یەکێتی ئەوروپا، دوای ئەوەی پۆڵەندای رازیکرد پشتگیری لە رێککەوتنەکە بکات، کە پێویستی بە رێککەوتنی هەموو وڵاتانی ئەندام بوو، رێککەوتنامەکەی پەسەندکرد.
لەسەرەتادا بڕیاربوو نرخەکە لە نێوان 65 بۆ 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابنرێت. بەڵام هەریەک لە وڵاتانی پۆڵەندا، لیتوانیا و ئیستۆنیا ئەم نرخەیان بەلاوە بەرز بوو، لەکۆتاییدا دوای ئەوەی دڵنیاکرانەوە، کە نرخەکە بە رێژەی 5% کەمتر لە رێژەی بازاڕ دەهێڵدرێتەوە، پشتگیرییان لە بڕیارەکە کرد و پەسەندکرا.
جێرمی هەنت، راوێژکاری خەزێنەی بەریتانیا رایگەیاند، بەریتانیا پشتیوانی لە رێککەوتنەکە دەکات و بەردەوام دەبێت لە گەڕان بەدوای رێگەی نوێدا بۆ “سەرکوتکردنی رێڕەوی دارایی پوتین”.
رێککەوتنەکە تەنها چەند رۆژێک پێش ئەوە دێت، کە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی خاوی روسیا لە رێگەی دەریاییەوە لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپا بچێتە بواری جێبەجێبکردنەوە.
بەهۆی ئەو رێککەوتنە نوێیەوە ئەو وڵاتانەی رێنماییەکانی گروپی G7 یان واژۆکردووە، رێگەیان پێدەدرێت نەوت و بەرهەمەکانی نەوتی روسیا لە رێگەی دەریاییەوە بە 60 دۆلار یان کەمتر بۆ هەر بەرمیلێک، بکڕن.
لە بەرامبەردا، روسیا رایگەیاند، لەمەودوا نەوت بەو وڵاتانە نافرۆشێت، کە دەیانەوێت بەگوێرەى رێککەوتنەکە بجوڵینەوە و بەو نرخە نەوتیان لێبکڕن.
لیۆنید سلۆتسکی، سیاسەتمەداری باڵای روسیا، کە سەرۆکایەتی لیژنەی کاروباری دەرەوە دەکات، بە ئاژانسی تاسی راگەیاندووە، یەکێتی ئەوروپا ئاسایشی وزەی خۆی بەو رێكکەوتنە دەخاتە مەترسییەوە.
ئەو دەڵێت، هەرچەندە بەدڵنیاییەوە ئەو رێوشوێنانە کاریگەرییان لەسەر داهاتی روسیا دەبێت، بەڵام بەهۆی فرۆشتنی نەوت بە بازاڕەکانی دیکەی وەک هیندستان و چین وەک گەورەترین کڕیاری نەوتی ئەو وڵاتە، روسیا کاریگەرییەکانی ئەو بڕیارە لەسەر داهاتەکەی کەمدەکاتەوە.