زووم..
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە رێکاری نوێ بەرامبەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بگرێتەبەر، سودانی فەرمانیکردووە لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئینتەرنێتی کۆمپانیاکە ببڕێت.
زووم لەسەرچاوەیەکی تایبەتەوە ئەوەی زانیوە، لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان داوای لە حکومەت کردووە رێکار بەرامبەر کۆڕەک بگرێتەبەر و سودانی فەرمانیکردووە ئینتەرنێتی کۆمپانیای کۆڕەک ببڕدرێت، بەمەش ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێبکرێت بەشداربووانی کۆڕەک تیلیکۆم لە ئینتەرنێت بێبەشدەبن.
بۆ رێگری لەم کێشە تازەیەی بەرۆکی گرتووە، کۆمپانیای کۆڕەک تیمی ناردووەتە دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق و داوای رێککەوتنی کردووە، بەڵام رێکنەکەوتوون و بڕیارداوە لە ماوەی 24 کاتژمێردا بڕیارەکە جێبەجێبکرێت.
هەروەها زووم ئەوەی زانیوە، بەغداد بەم هەنگاوەوە ناوەستێت، پلانی هەیە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کۆمپانیاکە وەکو هەنگاوی دواتر تاوتوێ بکات.
ئەم رێکارانەی حکومەتی عێراق بەهۆی کێشەی باجەوەیە، بەغداد دەڵێت، باجی سەر کۆمپانیاکە گەیشتووەتە ملیارێک دۆلار، بەڵام کۆڕەک رێکارەکانی حکومەتی عێراق بە فشاری سیاسی دەزانێت.