زووم..
دادگای باڵای فیدراڵی عیراق دادبینی بۆ سکاڵاكەی لەتیف رەشید سەرۆككۆماری عێراق كە لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تۆماریكردووە بۆ 18ـی ئەم مانگە دواخست، بەڵام زووم دەزانێ سکاڵاکە هیچ پەیوەندییەکى بە مووچەوە نییە، بەڵکو پەیوەندى بە ململانێی نێوان لەتیف رەشید و محەمەد شیاع سودانییەوە هەیە، لەسەر پرسى گرێبەستى کۆمپانیای ئایکیو، لەگەڵ دەستگیرکردنى سکرتێرەکەى بە تۆمەتى گەندەڵى.
بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم، مانگی رابردوو، سودانى لەڕێی دوو فەرمانەوە، داوایکردووە پێداچوونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیای ئایکیو بکرێت، کە کوڕێکی سەرۆککۆمار و یەکێتى خاوەندارێتى دەکەن، فەرمانی دووەم، پەیوەندى هەیە بە جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی سکرتێری تایبەتى سەرۆککۆمارەوە.
پێشتر سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی عێراقیش بە زوومی گوتبوو، بڕیارەکانی سودانی، سەرۆککۆماریان نیگەران کردووە، لەبەرامبەردا لەتیف رەشید هەوڵدەدات لەڕێی تۆمارکردنى سکاڵای یاسایی بەناوى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانەوە، فشاربخاتە سەر سودانی بۆ ئەوەی پاشەکشە لەو دوو دۆسیە بکات، هەربۆیە سەرۆككۆمار سكاڵاكەی لەدژی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران و تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق تۆماركردووە و تێیدا داوادەکات فەرمانێکی وەلائی دەربکرێت بۆ پابەندکردنی وەزیری دارایی عێراق بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام، بەجۆرێک بەهیچ پاساوێکی پەیوەندیدار بە تەوتین و کێشەی تەکنیکی و ئیداری، موچەی موچەخۆران رانەگیرێت و دوانەخرێت.
هەروەها بابەتێکى دیکە کە سەرۆککۆمارى توڕەکردووە، پەیوەندى بە گرێبەستى کۆمپانیاى ئایکیو هەیە، لە ماوەى رابردوودا حکومەتى عێراق، کۆمپانیاکەى خستە لیستى رەشەوە، بە تۆمەتى دزین و بەقاچاخبرنی خێرایی ئینتەرنێت، حەنان فەتلاوی ئەندامی پەرلەمانی عێراق گوتى، کۆمپانیاى ئایکیو بە بەهاى ٩٩١ ملیار دینار، زیانى بە ئابوورى عێراق گەیاندووە.