زووم..
سەباح سوبحى، ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق بە زوومى راگەیاند، هەفتەى داهاتوو هەموارى یاساى بودجە لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراق بڵاودەبێتەوە و بە ئەگەرى زۆرەوە هەر هەفتەى داهاتوو هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەڕێى بۆرى نەوتى کوردستان-جەیهان دەستپێدەکاتەوە.
دووى ئەم مانگە پەرلەمانى عێراق مادەى 12ـى یاساى بودجەى هەموارکردەوە و تێچووى دەرهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستانى لە شەش دۆلارەوە بۆ 16 دۆلار بەرزکردەوە، حکومەتى هەرێمى کوردستان دەستبەجێ پێشوازیی لە هەموارەکە کرد و وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى راسپارد رێکارى پێویست بگرێتەبەر بۆ رادەستکردنى نەوتى بەرهەمهێنراوى هەرێمى کوردستان بە کۆمپانیاى سۆمۆ.
بەگوێرەى هەموارەکە، ئەو نرخەى بۆ تێچووى نەوتى هەرێم دیاریکراوە و نرخى کۆتایی نییە و دەبێت لەماوەی 60 رۆژدا، دەزگایەکی راوێژکاری تەکنیکی نێودەوڵەتیی خەمڵاندن بۆ تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان بکات، بۆ ئەوەى نرخى کۆتایی بۆ تێچووى بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێک دیارى بکرێت.
نزیکەى دوو ساڵە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەڕێى بۆرى جەیهانى تورکییەوە راگیراوە ئەوەش دواى بڕیارێکى دادگاى ناوبژیوانى نێودەوڵەتى پاریس کە بڕیاریدا نابێت بەبێ رەمەزامەندى بەغداد نەوتى هەرێم رەوانەى بازاڕەکانى جیهان بکرێت، دادگاکە لەسەر بنەماى سکاڵایەکى وەزارەتى نەوتى عێراق بڕیارەکەى دەرکردبوو.
هەرچەندە لە دوو ساڵى رابردوودا هەناردەى نەوت لەڕێى بۆرییەوە راگیرابوو، بەڵام زیاتر لە ساڵێکە ناردنە دەرەوەى نەوت بە نایاسایی و لەڕێى تانکەرەوە بۆ ئێران و تورکیا دەستیپێکردووە کە داهاتەکەى بۆ خەزێنەى حکومەتى هەرێم ناگەڕێتەوە و وەکو میدیا جیهانییەکان باسیان دەکرد بۆ هەردوو بنەماڵەى بارزانى و تاڵەبانى دەڕوات.