زووم..
ئاژانسی هەواڵی هاوار دەڵێت، لە 24 کاتژمێری رابردوودا، دەیان چەکداری گرووپەکانی تورکیا و سوپای نیشتمانیی سوریا لە ریزی گرووپەکان هەڵاتوون و گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، روانگەی سورییش بۆ مافەکانی مرۆڤ هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.
ئاژانسەکە لە زاری دانیشتووانی ئیدلب و حمس و غوتەی رۆژهەڵاتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، سوپای تورکیا و پۆلیسی سەربازیی سوپای نیشتمانی رێگری لە هەڵاتنی چەکدارەکان دەکەن و تەنها شەوی رابردوو 16 کەسیان لێ دەستگیرکردوون، کە هەوڵیانداوە لە ریزی گرووپەکان هەڵبێن و خۆیان بگەیەننە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر.
دەشڵێت، چەکدارە دەستگیرکراوەکان رادەستی هەواڵگریی تورکیا کراون.
هاوکات روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ هەڵاتنی چەکدارانی گرووپەکانی سەربە تورکیای پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت، دەیان چەکدار گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان لە ناوخۆی سوریا.