زووم..
لە ئێستادا سوریا بە یەکێک لە مۆڵگەکانی ناسەقامگیریی لە جیهاندا دادەنرێت، بەو پێیەی کەوا ململانێی بەردەوام تێیدا بووەتەهۆی بەهێزبوونی زۆرێک لە ڕێکخراوە توندڕەوەکان، کە دیارترینیان داعشە.
لە سەردەمی بەڕێوەبەریەتیی نوێی سوریادا، کە ئایدۆلۆژیای توندڕەو بەسەریدا زاڵە، نیگەرانییەکان لە توانای رێکخراوەکە بۆ گەڕاندنەوەی هێزی خۆی یان گەیشتنی لە هەندێک ناوچەدا زیاتر و زیاتر دەبن.
چاودێران پێیان وایە گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن دۆستانی پێشووی داعش لە سوریا پاڵنەر و ئیلهامبەخش دەبێت بۆ ڕێکخراوە توندڕەوەکان و هاندەرێکیشە بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانیان لە ناوچەکەدا، بەتایبەتیی کە هێشتا ئایدۆلۆژیای توندڕەوی لە سوریا لە ڕێگەی دەیان هەزار ئەندامی هەیئەی تەحریری شامەوە، کە لەژێر ناوی ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە شەقامەکانی وڵاتدا بڵاوبوونەتەوە ئامادەیە.
سەرەڕای شکستی لە دوایین قەڵای خۆیدا لە باغۆز و لە ساڵی2019، هێشتا ئایدۆلۆژیا و کردە ئەمنییەکانی داعش لە سایەی ناسەقامگیرییە سیاسیی و سەربازییەکانی ناوچەکەدا هەڕەشەیەکی بەردەوامن.
پرۆفیسۆر بروس هۆفمان، هاوکاری باڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاسایشی ناوخۆ لە ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا، بە بی بی سیی ڕاگەیاندووە: ڕکابەرییە درێژخایەنەکەی نێوان داعش و گرووپە سەلەفی-جیهادییەکانی دیکەی وەک هەیئەی تەحریر ئەلشام (جەبهەتولنوسرەی پێشوو) قەیرانی ئەمنی لە سووریا قووڵتر دەکاتەوە.
ئەو پڕۆفیسۆرە ڕوونیشیکردەوە، کەوا داعش بەردەوامە لە نوێکردنەوە و پەرەدان بە ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع (ئەبو محمد الجولانی) سەرۆکی هەیئەی تەحریری شام، بەهۆی هاوپەیمانێتیی ئەلجولانی لەگەڵ ئەیمەن زەواهیری، سەرۆکی ئەوکاتەی قاعیدە، کە ئەو کات و ئێستاش داعش بە ناپاکیکردن لە بنەماکانیان لەقەڵەمیدا.
سەرەڕای شکستی سەربازیی داعش، بەڵام هێشتا توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستیی پچڕپچڕی لە ناوچە دوورەدەستەکانی سوریادا هەیە، بەتایبەتیی لەژێر ڕۆشنایی و بە لەبەرچاوگرتنی لاوازیی دەسەڵات لە هەندێک ناوچەدا کە لەژێر کۆنترۆڵی هەیئەی تەحریر شامدا بوون.
حکومەتی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتەدا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی ئەمنیی و سیاسیی و ئابووریی دەبێتەوە.
داعش هێشتا بەردەوامە لە پشتبەستن و بەکارهێنانی پلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیال میدیای وەک تێلێگرام بۆ هاندان و تەیارکردنی ئەندامەکانی پێش ئەنجامدانی هێرش ئەمەش بە قۆستنەوەی پرسە ناوچەییەکانی وەک هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و زیندانیکردنی خێزانەکانی ئەندامەکانی لە کەمپی ئەلهۆل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکەن کە داعش هێشتا لەنێوان 5 بۆ 7 هەزار چەکداری لە سوریا و عێراقدا هەیە، و ئەگەر بێت و کەمپی ئەلهۆل لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەربچێت، دەتوانێت لەرێگەیەوە چەندین چەکداری دیکە لەڕیزەکانیدا کۆبکاتەوە ئەوەش بەو پێیەی کەوا ئەو کەمپە وەک “بانکێکی مرۆیی” بۆ ئەو رێکخراوە توندڕەوە دادەنرێت.
ئەمە جگە لەوەی داعش ئەو بارودۆخە ئابورییە سەختە دەقۆزێتەوە کە خەڵکی ناوچە بیابانییەکانی هاوسنووری سوریا و عێراق ڕووبەڕووی بوونەتەوە، بەتایبەتیی کە ئەو ناوچانە بۆ خۆیان سەرەکیتیریین ژینگە بوون کە تێیدا ڕێکخراوەکە لە سەرەتاوە گەشەی کرد.