زووم..
رۆژنامەى سەباح بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتى تەندروسیتى عێراق لە سێیەم قۆناغدا بیمەى تەندروستى بۆ یەک ملیۆن هاووڵاتیى دیکە دەکات.
عەلى عوبەید، بەڕێوەبەرى دەستەى بیمەی تەندروستییە لە وەزارەتى تەندروستیى عێراق، بە رۆژنامەکەى گوتووە، لە دوو قۆناغى پێشتردا بیمەى تەندروستى بۆ ملیۆنێک و 160 هەزار هاووڵاتى کراوە، لە قۆناغى ئەمجارەدا یەک ملیۆن هاووڵاتى دیکە بیمەیان بۆ دەکرێت، لەنێویشیاندا فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەوانەی سودمەندن لە تۆڕى چاودێریى کۆمەڵایەتى.
گوتووشیەتی، ئەو هاووڵاتییەى بیمەى تەندروستى بۆ دەکرێت، لەسەدا یەکى مووچەکەى لێدەبڕدرێت، هەروەها جگە لە خۆى، شموولى خێزانەکەى و دایک و باوکیشى دەکات، لە کاتى سەردانیکردنى نەخۆشخانە، بەشى زۆرى تێچووەکەى حکومەت دەیدات.
عەلى عوبەیدى دەڵێت، ئەو هاووڵاتییانەى دەتوانن سودمەند بن لە خزمەتگوزارى بیمەى تەندروستى، جگە لە بەغداد دەبێت خەڵکى پارێزگاکانى بەسڕە و زیقار و بابل و کەربەلا و نەجەف بن، لە قۆناغەکانى داهاتوودا خەڵکى پارێزگاکانى دیکەشى تێدەکرێت.