زووم..
ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دادبینی بۆ سکاڵایەکی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەکات كە لەلایەن لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراقەوە تۆماركراوە.
سکاڵاکەی لەتیف رەشید لە دژی سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دارایی عێراق تۆماركراوە و تێیدا داوادەکات فەرمانێکی وەلائی دەربکرێت بۆ پابەندکردنی وەزیری دارایی عێراق بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوی مانگەکانی رابردوو و داهاتوو.
هەر لە سکاڵاکەدا، سەرۆککۆمار داوایکردووە وەزارەتی دارایی عێراق پابەندبکرێت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام، بەجۆرێک بەهیچ پاساوێکی پەیوەندیدار بە تەوتین و کێشەی تەکنیکی و ئیداری، موچەی موچەخۆران رانەگیرێت و دوانەخرێت.
لەتیف رەشید داواشیکردووە، تەوتینی مووچەی فەرمانبەران بەگوێرەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بکرێت و ئەو ئازادییە بدرێتە فەرمانبەران خۆیان ئەو بانکە هەڵبژێرن کە دەیانەوێت مووچەکەیانی تێدا تەوتین بکەن.