زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
حورییەت
جەهەپە لە مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەنجامدەدات
وابڕیارە جەهەپە لە 23ـى ئازاردا هەڵبژاردنی ناوخۆیی لەنێو ئەندامەکانی پارتەکەیدا بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆککۆماری پارتەکەى ئەنجامبدات.
هەریەک لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ، مەنسور یەڤاش سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە دوو ناوی دیاری پارتەکەن بۆ کاندیدی جەهەپە لە هەڵبژاردنى داهاتوو سەرۆککۆماردا.
بەگوێرەى وادەی یاسایی خۆی دەبێت لە2028 هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئەنجام بدرێت هاوکات جەهەپە بەردەوام کەمپینی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەدەبات.
سۆزجو
ئەردۆغان بۆ گەشتێکی چوار رۆژ بە سێ فڕۆکە گەشتی کردووە
لەگەشتەکەى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە 10ـی ئەم مانگە بۆ مالیزیا و پاکستان و ئەندۆنیزیا سێ فڕۆکە یاوەری بووە.
یەکیان فڕۆکە تایبەتەکەى خۆی، یەکی دیکەیان بۆ گواستنەوەى ئۆتۆمبێلەکانی و یەکی دیکەش فڕۆکەیەکی لە جۆری ئایەربەس747 بووە کە وەک دیاری پێشکەشی ئەمیری قەتەری کردووە، بەهاکەى 400 ملیۆن دۆلارە.
بڵاوبونەوەى وێنەکانی سێ فڕۆکەکەى ئەردۆغان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوە و ناڕەزایی لێکەوتەوە.
بیرگون
ئیستەنبوڵ زۆرترین رێژەی هەژاری هەیە
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی پیلاندانانی ئیستانبوڵ، ئاشکرای کردووە، لە ئیستانبوڵ زۆرترین رێژەى چینی هەژار و مامناوەندی تیادەژی.
بەگوێرەى راپۆرتەکە داهاتی تاک لەو شارە بە بەراورد بە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و زۆرینەی خەڵکی شارەکە بە موچەی کەمترین بڕە موچە دەژی و ناتوانێت بەگوێرەى پێویست پێداویستییەکانی رۆژانەى بکڕێت.

ئەکشام
لەپاش کحولی ساختە، نۆرەی دەرمانی ساختەیە
لە ئۆپراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی ئیستانبوڵ باندێک دەستگیرکراون بە تۆمەتی دروستکردنی دەرمانی ساختە بۆ نەخۆشی شێرپەنجە.
ئەم گروپە 28 کەس بوون و دەست بەسەر دەرمانە ساختەکاندا گیراوە کە بە بەهای دوو ملیار لیرە بووە.
لە چەند رۆژى رابردوو لە ئیستانبوڵ بەهۆی خواردنەوەى کحولی ساختەوە نزیکەى70 کەس گیانیان لەدەستدابوو.
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
99٪ـی پۆشاکی بازاڕەکانی کرماشان هاوردەیە
سەرۆکی یەکێتیی فرۆشیارانی پۆشاک لە کرماشان باس لە دۆخی قەیراناویی بازاڕی پۆشاک لەو پارێزگایە دەکات. حوسێن بەیات دەڵێت، 99 ٪ـی پۆشاکی بازاڕەکە هاوردەیە و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، قاچاخچێتی و زۆربوونی تێچووی بەرهەمهێنانی ناوخۆ، کێبڕکێی بۆ بەرهەمهێنەر و فرۆشیاران قورستر کردووە.
بەیات ئاماژەی بەوەش کرد، کە گرانبوونی نرخی پۆشاک بەهۆی ناجێگیریی نرخی دراوەوەیە.
هەروەها بەرهەمهێنەرانی ناوخۆش تووشی زیادبوونی تێچووی ماددە سەرەتاییەکان و کرێی کارگەران بوونەتەوە. کاڵای قاچاخیش بەهۆی هەرزانیی نرخەکەیەوە، هەڕەشە لە بازاڕی پۆشاکی ناوخۆ دەکات.
ئەبرار
هەژاری دەبێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی دژی منداڵان
عەلی کازمی، سکرتێری کۆڕبەندی نیشتمانیی منداڵانی ئێران دەڵێت، لە 15 ساڵی رابردوودا، یاسای زۆر باش بۆ پاراستنی مافی منداڵان پەسەند کراون، بەڵام جێبەجێکردنیان پێویستی بە راهێنان، دامەزراندنی پێکهاتەی نوێ و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا هەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە پێویستە بەردەوام یاسا و رێکارەکان چاکسازییان تێدا بکرێت و راهێنانی دادوەران و کارمەندانی کۆمەڵایەتی، نموونەیەک لەو هەوڵانەن کە پێویستە زیاتر بکرێن.
کازمی هۆکاری سەرەکیی توندوتیژی بەرامبەر منداڵانی گەڕاندەوە بۆ هەژاری و قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی کە وادەکات منداڵان ناچار بە کارکردن و نەخوێندەواری و چەندین لێکەوتەی خراپی دیکە ببنەوە.
ئاسیا
53٪ـی ئۆتۆمبێلەکانی ئێران کۆن بوون
محەمەد سادق عەزیمیفەر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای پاڵاوتن و دابەشکردنی نەوتی ئێران دەڵێت، 53٪ـی ئۆتۆمبێلەکانی ئێران کۆن بوون و ئەم ئۆتۆمبێلانە بەکارهێنانی سووتەمەنی زیاتریان هەیە.
عەزیمیفەر دەڵێت، پێشبینی دەکرێت تا مانگی داهاتوو 71٪ـی بەرهەمە نەوتییەکان کە یەکسانە بە نزیکەی ملیۆن لیتر لە کەرتی گواستنەوەدا بەکاربهێنرێ.
هەروەها ئاماژەی به گەشەی ساڵانەی7٪ـی بەکارهێنانی بەرهەمە نەوتییەکان لەم کەرتەدا کرد و بەشێک لە زیادبوونی بەکاربردنیشی بۆ کۆنبوونی ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوە گەڕاندەوە.
عەزیمیفەر داوای لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لەناوخۆی وڵات کرد هەنگاو بنێن بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی ئۆتۆمبێلە دروستکراوەکان و جەختی لە گرنگی باشترکردنی کوالیتی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا کردەوە.
ئارمانی ئیمروز
بەرهەمە شیرەمەنیەکان لە سەپەتەی خۆراکی خەڵکدا نەماون
خەڵکی ئێران بەهۆی گرانی نرخی خۆراکەوە، ناتوانن بەرهەمە خۆراکییە سەرەکییەکانی وەکو ًشیر و پەنیر و ماست بکڕن.
ئەمەش وایکردووە کە بەرهەمە شیرەمەنیەکان لە سفرهی خهڵکدا نهمێنێت.
بەگوێرەی ئامارەکان، بەکارهێنانی بەرهەمە شیرەمەنیەکان لە ئێراندا بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
لە ساڵی 2023، هەر کەسێک 70 کیلۆگرام بەرهەمی شیرەمەنی بەکارهێناوە، بەڵام لە ساڵی 2024دا ئەم رێژەیە بۆ 40 کیلۆگرام دابەزیوە.
پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن کە کەمبوونەوەی بەکارهێنانی بەرهەمە شیرەمەنیەکان دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی وەکو پووکانەوەی ئێسک.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
دادگا مافی نیشتەجێبوون لە شانشینی یەکگرتوو دەدات بە خەڵکی غەزە
دادگای شانشینی یەکگرتوو بڕیاریدا، ئەو بەرنامەی کارەی بۆ پێشوازیکردن لە خەڵکی ئۆکراین دانرا، بۆ خەڵکی غەزەش بەکاربهێنرێت و دەرگایان بۆ بخرێتە سەر پشت.
ئەو بەرنامەی کارەی کە بۆ پێشوازیکردن لە خەڵکانی ئاوارەبووی ئۆکراین دانرا، بۆ فەلەستینییەکانیش کرایەوە.
خێزانێکی شەش کەسیی هەڵاتوو لە کەرتی غەزە رێگەیانپێدرا لەناو بەریتانیادا بگەن بەلای کوڕێکی خۆیان کە لەوێ نیشتەجێیە. بۆئەوەی بتوانن لەوێ بمێنننەوە، دادگا پێیوابوو هەر رێگریکردنێک لەو خێزانە و هاوشێوەکانیان وەک هەڕەشە وایە بۆسەر ناسنامەی مرۆڤبوونیان.
تایمز
ئەو فەرمانبەرانەی کێشیان زۆرە پێکووتەی خۆلاوازکردنیان پێدەدرێت
ئەو فەرمانبەرانەی کە گرفتی زۆریی کێشی لەشیان هەیە دەتوانن لە رێگەی فەرمانگەکەی خۆیانەوە و وەک بەشێک لە بیمەی تەندروستی پێکووتەی خۆلاوازکردن وەربگرن.
ئەمە یەکەم جارە هەنگاوێکی لەمشێوەیە لە بەریتانیادا رووبدات. ئەو دوو دەرمانەی کە بە پێکوتە دەدرێت بە فەرمانبەرەکان ناویان ڤیگۆڤی و مۆنجارۆیە. لەم گەڕەدا نزیکی دوو ملیۆن کەس لێی سوودمەند دەبن.
لە ئێستادا چارەسەرەکە بە خۆڕایی نییە، بەڵکو دەبێت لەلای پزیشکە پسپۆرەکان یان دەرمانخانە تایبەتەکانەوە وەربگیردرێت، بەشی یەک مانگ بۆ هەر کەسێک نزیکی 200 پاوەندی تێدەچێت.
گاردیەن
زێلینسکی دەڵێت ئەگەر ترەمپ پشتیوانیمان نەکات، ئەوا یەکێتیی ئەوروپا خۆی بە تەنها ناتوانێت ئۆکراین بپارێزێت
ڤلۆدیمیر زێلینسکی هۆشداریی دا لەوەی کەلە سێ ساڵ پێش ئێستاوە هەوڵی روسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکراین دەستی پێکردووە.
ئەگەر دۆناڵد ترەمپ بڕیاربدات ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی ئۆکراین بکشێنێتەوە، ئەوروپا بە تەنها خۆی ناتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە، کە کشانەوەی ئەمریکا دروستیدەکات.
ناوبراو دەڵێت، چەند کەسێک هەن دەڵێن ئەگەر ئەمریکاش بکشێتەوە، ئەوا یەکێتیی ئەوروپا دەتوانێت خۆی بە تەنها ئۆکارین بپارێزێت، بەڵام من دەڵێم ئەوە وانییە.

فاینەنشیەڵ تایمز
ئوردن وەڵامەکەی خۆیی بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرتی غەزە گەیاند بە ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ لە نوسینگەکەی خۆی لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە شاعەبدوڵای پادشای ئوردن کرد.
لەوکاتەوە، کە ترەمپ گەشتووە بە کۆشکی سپی و رایگەیاندووە، دەیەوێت دەست بەسەر کەرتی غەزەدا بگرێت.
شاعەبدووڵا دەبێت بە یەکەمین سەرکردەی عەرەب کە سەردانی بکات. بۆیە دەبێت گفتوگۆکانی نێوانیان گەرم و چڕ بووبێت. چونکە ترەمپ گوتویەتی ئێمە غەزە ناکڕین، بەڵکو دەیگرین، دەیخەینە ژێردەستی خۆمان، دەیبوژێنینەوە.
شا عەبدووڵا بە ترەمپی گوتووە، کە لەبریی ئەو پلانەی هەیەتی بیر لە ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە و نیشتەجێکردنەوەی خەڵکەکەی لە شوێنەکەی خۆیاندا بکاتەوە، ترەمپی ئاگادارکردۆتەوە، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە کەرتی غەزەوە لە سعودیە دیدارێک ئەنجامدەدەن و هەڵوێستی روونی خۆیان رادەگەیەنن.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لە دژى تیرۆر هاوپەیمانیى ئیسلامیی و نەتەوەیەکگرتووەکان لێکتێگەشتنێکیان واژۆکرد
هاپەیمانیی ئیسلامی سەربازیی کە لە 42 وڵاتى ئیسلامی پێکدێت و بارەگای سەرەکی لە عەرەبستانى سعودیەیە، لەگەڵ ناوەندی قەڵاچۆکردنى تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆی لێکتێگەشتنێکی هاوبەشیانکرد بۆ رووبەڕووبوونەوەى تیرۆر و مەترسییەکانى.
لیوا محەمەد مەغیدی سەرۆکی هاوپەیمانییەکە و ڤلادیمێر فۆرنکۆڤ، بریکارى سکرتێری گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نەهێشتنى تیرۆرى نوێنەرایەتى نەتەوەیەکگرتووەکانی دەکرد.
بەگوێرەى لێکتێگەشتنەکە هاوەپەیمانى ئیسلامی سەربازیی و نەتەوەیەکگرتووەکان چەند بوارێک دەگرێتەوە لەوانەش کردنەوەى خولى راهێنان، پەرەپێدانى توانای مرۆیی، پێدانى هاوکاریی ، هۆشیاری یاسایی و چەند بوارێکى دیکە.
سەباح
روسیا لەبوارى وزەدا لەعێراق بە بڕی 20 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان دەکات
ئەلبرۆس کۆتراشیڤ باڵێۆزی روسیا لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەى لە وەبەرهێنانى بوارى نەوت و غازدا لە 20 ملیۆن دۆلار تێپەڕیکردووە، راشگیەیاندووە، پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و بەغداد وێڕاى 80 ساڵ پێکەوە کارکردن لە ئێستاشدا لە باشترین دۆخدایە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، پەیوەندییەکان تەنها بوارى وزە ناگرێتەوە بەڵکو لە بوارى پەرورەردە و رۆشنبیریشدا لەباشترین حاڵەتدایە.
بەگوێرەى گوتەکانى کۆتراشیڤ وەبەرهێنانى روسیا لە عێراق لەپێش ئەمریکاو چینەوەیە، هەروەها کاربۆئەوە دەکەن بوارەکانى وەبەرهێنان زیاتر بکەن.

دەستور
عێراق ریزبەندی 140ـەمین وڵاتی گرتووە لە گەندەڵی
رێکخراوى شەفافییەتى نێودەوڵەى رایگەیاند، لە ساڵی 2024 دا عێراق لەڕیزبەندى 180 وڵاتدا لە ریزبەندى 140 هەمیندایە و لە نێو وڵاتانى عەرەبیشدا لە ریزبەندی هەشتەمدایە.
بەگوێرەى راپۆرتى رێکخراوەکە ناشەفافى گەورەترن بوارى گەندەڵی وڵاتان نیشاندەدات و لە ساڵی 2024 دا گۆڕانکاریی زۆری دڵخۆشکەر هاتووەتە پێشەوە.
راپۆرتەکە ئاماژەى بەوەشکردووە دانیمارک لە پلەى یەکەمی وڵاتە شەفافەکانى دونیادایە و کەمترین گەندەڵی تێدایە و لە کۆی 100 خاڵ 90 خاڵی کۆکردووەتەوە، لەپاش ئەویش فنلەندا دێت کە خاوەنى 88 خاڵە و لە پلەى سێیەمیشدا نیوزلەندا دێت کە خاوەنی 83 خاڵە، راپۆرتەمە ئاماژەى بەوەکردووە عێراق لە ریزبەندى 140 هەمین وڵاتانى دونیا و هەشتەمینى وڵاتانى عەرەبیدایە و تەنها 26 خاڵی هەیە و لە چاو ساڵی 2023 دا سێ خاڵ چووەتە پێشەوە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە عێراق کەوتووەتە پێش وڵاتانى سۆماڵ، سوریا، سودان، یەمەن، لیبیا، ئەریتریا وە لەگەڵ ئەوەشدا لوبنان بە ناشەفافترین وڵاتانى عەرەبی ناوى لە راپۆرتەکەدا تۆمارکراوە.

عەرەب
عێراق لە رێگەى گواستنەوەوە بووەتە وڵاتى بەرهەمهێنانى مادەى هۆشبەر
دەرکەوتن و دۆزینەوەى کێڵگە و کارگەکانى بەرهەمهێنانى مادەى هۆشبەر لە عێراق تا دێت زیاد دەکات و مەترسییەکانى بڵاوبوونەوەى مادەى هۆشبەر دەکاتە مەترسییەکى جدیی ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەى عێراق لە وڵاتى پەڕینەوە و ترانزێتى مادەى هۆشبەرەوە ببێتە وڵاتى وەبەرهێن.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى عەرەب هێز و میلشیا چەکدارەکان لەپشتى پەرەپێدانى مادەى هۆشبەرەوەن و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە دارایی زیاتر بەدەستبخەن، عەلى عەبادى سەرۆکی ناوەندی مافى مرۆڤی عێراق رایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکانى عێراق لەم دواییانەدا دەستى بەسەر چەندین کارگە و کێڵگەى وەبەرهێنانى مادەى هۆشبەردا گرتووە.
ئاژانسى بەغداد ئەلیەومیش لەزاری عەبادییەوە بڵاویکردووەتەوە، لێکەوتەکانى مادەى هۆشبەر تەنها پەیوەندیی بە بوارى ئەمنییەوە نییە و لاوازیی مەنی هۆکارنییە بۆ پەرەپێدانى، بەڵکو کێشەى کۆمەڵایەتى و ئابووری و خێزانی هۆکاری دیکەى گرنگى بوارەکەن.