زووم..
لەسەر داوای بەغداد، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەخشین و بەستنی دەرماڵەی نوێی بۆ هەموو مووچەخۆران راگرت.
بەگوێرەی نووسراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەچوارچێوەی یەكخستنی رێكارە داراییەكان لەگەڵ عێراق، چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە وەستانی دەرماڵە و دامەزراندن و گواستنەوەى راژە.
بەگوێرەی بڕیارەکە، حکومەتی هەرێم، تا وادەی پەسەندکردنی خشتەكانی بودجەی 2025 لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە، هەموو دامەزراندنێکی (هەمیشەیی- گریبەست- كاتی- دامەزراندن لەسەر داهاتی ناوخۆ- بەلەجیاتی دانان- وانەبێژ- خۆبەخش)ـی راگرت.
هەروەها بەخشین و بەستی دەرماڵەی نوێ بۆ سەرجەم مووچەخۆران راگیرا.
هاوکات، هەژماركردنی خزمەت بۆ مەبەستەكانی وەزیفەی گشتی، جگە لە مەبەستی خانەنشینی، راگیرا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، کارکردن بەم رێکارانە کاتییە و لەسەرجەم ناوچەکانی عێراقدا جێبەجێدەکرێت، دوای نووسراوێکی تەیف سامی دێت کە رێکارەکان رابگیرێن، تا ئەو کاتەی خشتەکانی بودجە پەسەند دەکرێن.