33
بەهۆى خراپى بارودۆخى دارایی و خەرجنەکردنى شایستە داراییەکانیان، ناوبژیوانان بایکۆتى خولى ئەستێرەکانى عێراق دەکەن.
سەرچاوەکانى راگەیاندن لە عێراق بڵاویانکردەوە، ژمارەیەک ناوبژیوانانى خولى ئەستێرەکانى عێراق بڕیاریانداوە لە بەڕێوەبردنى یارییەکانى خولەکە بەردەوامنەبن و بایکۆتى خولەکە بکەن.
سەرچاوەکان روونیانکردوووەتەوە، ناوبژیوانەکان بەهۆى خراپى بارودۆخى دارایى و خەرجنەکردنى شایستە داراییەکانیان لە وەرزى رابردوو و قۆناغى یەکەمى ئەم وەرزەى خولەکە، گەیشتوون بەو بڕیارە.
ئەمە یەکەم جار نییە لەم وەرزەدا ناوبژیوانانى خولى ئەستێرەکان بەهۆى هەمان هۆکار بڕیارى بایکۆت دەدەن، کە لە پێشتردا دواى کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەدنان درجالى سەرۆکى یەکێتى تۆپى پێى عێراق لەسەر بەڕێوەبردنى یارییەکان بەردەوامبوون، هەرچەندە چەند یارییەک بۆ ڕۆژێک دواخران.