زووم..
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، سەردانى شاندى پارتەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ دەبێت و بۆچوونەکانی مەسعود بارزانی لەسەر چارەسەری پرسی کورد و سەقامگیریی ناوچەکە بە گرنگ دەزانن.
تولای هاتیمئۆغڵولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە گوتارى هەفتانەى فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانى شاندى ئیمراڵى لە هەرێمى کوردستان بەرژەوەندییەکان و رۆڵ و ئایندەی گەلی کورد باسدەکرێت بە ئامانجی چارەسەری پرسی کورد و دواتر بۆچوونەکان بە ئۆجالان دەگەیەنن.
ئەو دەڵێت، پرسی کورد بە رێگەى ئاشتی چارەسەر دەبێت و ئومێدەوارن بە چارەسەرکردنى ئەم پرسە، سەقامگیریی لە ناوچەکەدا بێتەئاراوە.
دوێنێ دەم پارتى بە فەرمى رایگەیاند، رۆژى 16ى شوبات شاندى ئیمراڵى دەگاتە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوە، رۆژى دواتریش سەردانى سلێمانى دەکات و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانى کۆدەبێتەوە.