زووم..
سامان نادر، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی خێرا لە تەندروستی سلێمانی دەڵێت، سێ لە مانگرتووان تووشی خوێنبەربوون بوون و بەو هۆیەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
سامان نادر بە زوومی گوت، ئەو سێ مانگرتووەی تووشی خوێنبەربوون بوون رێگەیاننەداوە پشکنینی هەناوبینیان بۆ بکرێت.
دوای ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە هەر سێ مانگرتووەکە کە بریتیبوون لە دڵشاد میرانی، دڵشاد بابان و زانا محەمەد گەڕانەوە بۆ نێو خێمەکە.
هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە زوومی گوت، “دەبوو هەر سێ مانگرتووەکە لە نەخۆشخانە بمانایەتەوە تا پشکنینی هەناوییان بۆ بکرایە، بەڵام خۆیان رازی نابن و دەگەڕێنەوە بۆ خێمەکە.”
هێرش سەلیم گوتیشی: مانگرتنەکە ئێستا لە دۆخێکی دژواردایە بۆیە تەندروستی مانگرتووان خراپە و ئاکامە خراپەکانی مانگرتن لەسەر جەستەیان دەردەکەوێت.
ئەمڕۆ مانگرتنی 13 مامۆستا و فەرمانبەرەکەی سلێمانی پێینایە رۆژی پانزەیەمەوە و تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق وەڵامی داواکارییەکانی نەداونەتەوە.