زووم..
پۆلیسی هەولێر دانپێدانانی كەسێكی بە ناوی ئادەم عوسمان بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە رۆژی خۆپیشاندانەکەی دێگەڵەدا شۆفێری بۆ عەلی حەمەساڵح کردووە و گرتەی ڤیدیۆیی چەند شوێنێکی هەولێریان گرتووە، بەڵام عەلی حەمەساڵح تۆمەتەکانی پۆلیس رەتدەکاتەوە و دەڵێت، خۆی ڤیدیۆیەکانی بڵاوكردووەتەوە.
پۆلیسی هەولێر ڤیدیۆیەكی بە ناوی دانپێدانان بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئادەم عوسمان دەڵێت، رۆژی 9ـی ئەم مانگە عەلی حەمەساڵح پەیوەندی پێوەکردووە و بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە شۆفێری کردوو و چونەتە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و بەردەم پەرلەمان و عەلی حەمەساڵح ڤیدیۆی شوێنەکانی گرتووە.
دەشڵێت، نازانێت عەلی حەمەساڵح ڤیدیۆیەکەی بۆ کوێ ناردووە، بەڵام دواتر چون بۆ بازگەی دێگەڵە، لەوێ سەیریان کرد ڤیدیۆکان لە سابرین نیوز بڵاوبوونەتەوە كە بەمەستی ماڵپەڕێكی سەر بە گروپە شیعییەكانە.
هاوکات عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی هەڵوێست لە پەرلەمانی كوردستان لە وەڵامی پۆلیسی هەولێردا لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووک دەڵێت، ئێوارەی دوێنی ئادەم عوسمان کە هاوڕێیەتی ئاگاداریکردووەتەوە بانگهێشتی ئاسایشی هەولێر کراوە و دوای چونی مۆبایلەکەی داخراوە.
دەشڵێت، ئەو رۆژەی خۆپیشاندانەکە کراوە لەگەڵ ئادەم پێکەوە چونەتە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و دواتریش چونەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران، لەوێوە چونەتە بازگەی دێگەڵە، بۆ خۆشی ڤیدیۆیەکانی گرتووە و لە لە پەیجی خۆی بڵاویکردووەتەوە.
عەلی حەمە ساڵح راشیگەیاند، ئاسایش دەیەوێت کۆمەڵێک تۆمەتی بێبنەما بدەنە پاڵ ئادەم و ئەوەش یاساشکێنییە.