زووم..
بەشێکی زۆر لە کاسبکارانی سلێمانی و هەڵەبجە، وەک پیشاندانی پاڵپشتی بۆ مانگرتووان، دوکانەکانیان داخست.
هەڵوێستەکەی کاسبکارانی هەڵەبجە و سلێمانی دوای ئەوە دێت، دوێنێ دەستەی پشتیوانی لە مانگرتووان لە راگەیەنراوێکدا داوای لە کاسبکاران کرد پشتیوانی خۆیان بۆ مانگرتووان دەربڕن و چەند کاتژمێرێک دوکانەکانیان دابخەن.
کاسبکارێکی سلێمانی لەبارەی داخستنی دوکانەکەیەوە بە زوومی گوت: پاڵپشتی مانگرتووان و مووچەخۆران دەکەین تا مافی خۆیان وەردەگرن، بە مانگرتووان دەڵێم کۆڵمەدەن، ئێمەش کۆڵنادەین.
هاوکات کاسبکارێکی هەڵەبجەش کە بۆ هاوسۆزی مانگرتووان دوکانەکەی داخست گوتی، “بەدڵ لەگەڵ مانگرتووانین، ئەوان داوای مافی ئێمە دەکەن و بوونەتە قوربانی بۆ خەڵک دەبێت خەڵکیش وەفایان هەبێت بۆیان و لەگەڵیان بن.”
پێشتر ئەم جۆرە هەڵوێستە لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە دژبە ستەمی رژێمەکانی پێشووی عێراق گیراوەتەبەر و یەکەمینجارە لە 33 ساڵی رابردووی دەسەڵاتی کوردیدا هەڵوێستی لەو شێوەیە دەبینرێت.