زووم..
ئەمڕۆ سێشەممە، دادگەی فیدراڵی دادبینی بۆ چەند سکاڵایەک تایبەت بە هەرێمى کوردستان دەکات، کە ژمارەیان چوار سکاڵایە.
بە گوێرەى زانیارییەکان، سکاڵاى یەکەم لەلایەن ئیسماعیل حەمەعەلی عەبدولقادر دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و داوای بە نادەستووریی ناساندنی ئەو بڕگەیەی یاسای باری کەسی دەکات، کە تایبەتە بە رەزامەندنی هاوسەری یەکەم بۆ ئەوەى هاوسەرەکەى هاوسەرگیرى دووەم بکات.
هەرچى سکاڵاىى دووەم و سێیەمە، لەلایەن خالید مستەفا حسێن دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، داواکراوە بڕیار بدرێت لە بە نادەستووریی ناساندنی وەزارەتەکانی ئەوقاف و شەهیدانی هەرێمی کوردستان.
سکاڵاى چوارەمیش هەر لەلایەن خالید مستەفا حسێن دژی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، کە سکاڵاکە تایبەتە بە نادەستوورییبوونی راسپاردنی وەزیری ناوخۆ بە گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزیری دارایی، لەبارەی زیادی و کەمی رسومات و سزای هاتوچۆ.
بڕیارە دواى دادبینى و گفتوگۆ لەبارەى سکاڵاکان دادگاى فیدراڵى بڕیارى کۆتایی لەبارەى ئەو دۆسییانەوە بدات.