زووم..
فەرهاد شامی، گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ زووم رایگەیاند، داواکارییەکانی تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای نوێی سوریا هەنگاوی گەورەی بۆ نەنراوە و بەبێ وەرگرتنی گەرەنتیی دەستووریی و سیاسی ئەو تێکەڵبوونە روونادات.
فەرهاد شامی دەشڵێت، هەسەدە وەک هێزەکانی دیکەی سوریا نییە، ناوچەیەکی گەورەی لەژێر دەستدایە و خاوەنی پرۆژەیەکی گەورەیە، بۆیە مانەوەی هەسەدە لە دۆخی ئەمڕۆدا لەپێشتر و پێویسترە، بۆ گفتوگۆ و دانوستانیش دەرگایان کراوەیە.
پرسی تێکەڵبوونی هەسەدە بە وەزارەتی بەرگریی سوریا گەرمە و هەفتەی رابردوو لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی هەسەدە و رۆژاڤا، ئەحمەد شەرع رایگەیاند، دانوستانیان لەگەڵ هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر بەردەوامە و کورد ئامادەیی تێدایە چەک رادەستی دەوڵەت بکات، بەڵام باسی لەوەشکرد لەسەر هەندێک وردەکاری نەگونجان و بیروبۆچوونی دژبەیەک هەیە.
پێشتر مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند، دەیانەوێت ببنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی و ستراتیژی بەرگریی سوریا و بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیازێکیان داوەتە دیمەشق و چاوەڕێی وەڵامن.
هاوکات هەفتەی رابردوو فەرهاد شامی باسی لەوە کرد، تورکیا نایەوێت گفتوگۆکانی رۆژڤا و دیمەشق سەرکەوتووبن، هەموو هەوڵێک دەدات شکستی پێبهێنێت.