زووم..
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی هەڵگیرسانی دۆزەخ لە غەزە دەدات، ئەگەر تاوەکو کاتژمێر 12ـی رۆژی شەممە سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد نەکرێن و نەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
ترەمپ لە کۆشکی سپییەوە بە رۆژنامەنووسانی گوت، پێشنیاز دەکات ئەگەر تاوەکو شەممە هەموو بارمتەکان نەگەڕێنەوە، ئیسرائیل کۆتایی بەو ئاگربەستە بهێنێت لە رۆژی 19ـی مانگی رابردووەوە لە غەزە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە حەماس رایگەیاند، ئازادکردنی بارمتەکان دوادەخات بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل پێشێلی رێککەوتنی ئاگربەستی کردووە.
حەماس لە راگەیاندراوێکدا لەڕێی گوتەبێژەکەیەوە گوتی، ئیسرائیل گەڕانەوەی ئاوارەکانی بۆ باکوری غەزە دواخستووە و بەئامانجیشیان دەگرێت، ئەگەر قەرەبوی ئەمە نەکاتەوە ئەوا ئازادکردنی چەند بارمتەیەک، کە بڕیاربوو 15ـی ئەم مانگە رووبدات، دوادەخەین.
بەگوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی میسری بۆ رۆیتەرز، ئێستا وڵاتانی نێوەندگیر ترسی ئەوەیان هەیە ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل هەڵبوەشێتەوە و دەڵێن، حەماس بڕوایوایە ئیسرائیل لەبارەی ئاگربەستەکەوە جدی نییە.