زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
ئەکشام
نزیکەى چوار هەزار پزیشک لەژێر چاودێری وەزارەتی داراییدان
لەتورکیا و باکووری کوردستان 3666 پزیشک داهاتی خۆیان لەلاى حکومەت ئاشکرا نەکردووە بەو هۆیەوە وەزارەتی دارایی ئەو پزیشکانەى خستوەتە لیستی چاودێرییەوە تاکوو داهاتی راستەقینەیان بزانێت و بەگوێرەى ئەوە باجی خۆیان بە دەوڵەت بدەن.
وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووە، بە بەهای سێ ملیار لیرە داهاتی ئەو پزیشکانە دیار نییە لەلاى دەوڵەت.
تورکگون
تورکیا بەرەو وڵاتێکی بێ تیرۆر هەنگاو دەنێت
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، تورکیا بەرەو ئامانجەکانی هەنگاودەنێت بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر و بەهێزکردنی برایەتیی نێوان گەلان.
گوتیشی لە سەدەی نوێدا تیرۆر لە تورکیا ناهێڵین.

میلاد
پێنج کەسی دیکە بە هۆی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستدا
لەپاش ئەوەی چەند کەسێک لە ئەنقەرە و ئیستانبوڵ بەهۆی خواردنەوەى کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستدا لە ئەنقەرەش پێنج کەسی دیکە بەهۆی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستدا.
بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەى لە ئەنقەرە گیانیان لەدەستدا گەیشتە 38 کەس و بە تێکڕا لە ئەنقەرە و ئیستانبوڵ 70 کەس تائێستا گیانیان لەدەستداوە.
یەنی ئاسیا
تائێستا 650 هەزار کەس لە کابینەدا دەژین
لەپاش بومەلەرزەکەى شەشی شوباتی 2023، سەرەڕای ئەوەى دوو ساڵ بەسەر کارەساتەکە تێپەڕبووە کەچی حکومەت پابەندی گفتەکانی نەبووە بۆ بەهاناچون بەدەم لێقەوماوانی بومەلەرزەکەوە.
بەگوێرەى راپۆرتێک تائێستا 650 هەزار کەس لە نێو خەیمە و کابینەدا دەژین و گوزەرانێکی خراپ بەسەردەبەن.
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
هەندێک نەخۆشخانە یاری بە گیانی نەخۆشەکان دەکەن
لێکۆڵەرانی وەزارەتی تەندروستی، پشکنینی لەناکاوی نەخۆشخانەی ئاپادانایان ئەنجامدا و 11 پزیشک و پەرستاریان دەستگیرکرد.
دەرکەوت دوو پزیشکی گشتی بە ریکلامەکانی ئینستاگرام نەخۆشەکان رادەکێشن و نەشتەرگەریی جوانکاری بۆ پەرستارانی ناشارەزا بەجێدەهێڵن.
ئەم پزیشکانە لە رۆژانی پشوودا لە نێوان2 بۆ 8 نەشتەرگەرییان ئەنجامدەدا، بەبێ ئەوەی خۆیان بەشداری لە نەشتەرگەرییەکان بکەن.
لەکاتی پشکنینەکەدا یەکێک لە پزیشکەکان خەوتبوو، یەکێکی تریش جگەرەی دەکێشا و وەڵامی پەیامەکانی ئینستاگرامی دەدایەوە لەکاتێکدا پەرستارەکان سەرقاڵی نەشتەرگەری بۆ نەخۆشەکان بوون.
لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی سەرپێچییەکان، پزیشکانی سەرپێچیکار و هاوکارەکانیان دەستگیرکران و نەخۆشخانەکە خرایە ژێر چاودێری یاساییەوە.
باختەر
ژنان لە کلتوور و مێژووی زاگرۆسدا پێگەیەکی گرنگیان هەیە
ژنان هەمیشە لە فەرهەنگ و مێژووی چیاکانی زاگرۆس و بەتایبەت کوردستان و کرماشان رۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان هەبووە.
ئەفسانە و دەقی مێژوویی و دۆزینەوە شوێنەوارییەکان، نیشان دەدات کە ژنان لە کایەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیدا شانبەشانی پیاوان بوون و هەندێکجاریش لە پێشیانەوە بوون.
ژنان لە حکومەتە خۆجێیەکان لە زاگرۆس و عەشیرەتەکانی جاف، ئەردەڵان، کەلهور و هەورامی پێگەیەکی بەرزیان هەبووە و کەسایەتییەکانی وەک مەستوورە ئەردەڵان، خانزادە خانمی کەلهوڕ، بیبی مریەمی بەختیاری و حەمیدە خانمی ئەردەڵان چەند نموونەی بەرچاون.
بەداخەوە لە ئێستادا ژنان ئەو پێگەیان لەدەستداوە و چالاک نەماون بەڵام پێویستە جارێکی دیکە ئەو کلتوورە زاگرۆسی و کوردییە زیندوو بکرێتەوە و سەرکەوتنی ژنێک وەک پارێزگاری روانسەر لە پارێزگای کرماشان نموونەیەکی ئێستایە کە جێگەی دڵخۆشیە.

ئەبرار
بۆ یەکەمجار ژمارەی لەدایکبوونەکان لە ئێراندا بۆ خوار یەک ملیۆن دابەزیوە
عەلیڕەزا رەئیسی، بریکاری وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێت، بۆ یەکەمجار لە ماوەی 45 ساڵی رابردوودا رێژەی لەدایکبوون لە ساڵێکدا لە ئێران بۆ خوار یەک ملیۆن دابەزیوە.
رەئیسی بە ئاماژەدان بە زیادبوونی ژمارەی بەساڵاچووانی ئەو وڵاتە دەڵێت بەگوێرەی پێشبینییەکان لە ماوەی 30 ساڵی داهاتوودا 25٪ـی دانیشتووانی ئێران بەساڵاچوو بن.
گوتیشی، ژمارەی هاوسەرگیری بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و ئاماری جیابوونە لە زیادبووندایه.
ئەترەک
دۆخی پەروەردەی قوتابخانەکانی ئێران مەترسیدارە
دۆخی پەروەردەی قوتابخانەکانی ئێران مەترسیدارە و نەبوونی خزمەتگوزاریی سەردەمییانە و دیجیتاڵی، نەبوونی ژێرخانی پێویست وەک ئینتەرنێتی خێرا و کێشەکانی بەڕێوەبردن لە ئاستەنگە بنەڕەتییەکانی سیستەمی خوێندنن.
مامۆستایان پاڵنەرێکی تەواویان نییە، چونکە بڕوانامەی خوێندنیان لەگەڵ بەرپرسیارێتییەکانیاندا ناگونجێت و بارودۆخی کارکردنیان زۆر خراپە.
هەروەها ژینگەی قوتابخانەکان زۆر وێران و مەترسیدارن لە کاتێکدا پێویستە نوێبوونی قوتابخانەکان پاڵنەرێک بێت بۆ قوتابیان و مامۆستایان.
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
سەرۆکوزیرانى عێراق داوادەکات ناکۆکی و ململانێی هۆزەکان کۆتایی پێبێت
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوزیرانى عێراق، داوادەکات ناکۆکی و ململانێی نێوان هۆزەکان لە عێراق، کۆتاییان پێبێت و هۆز و عەشیرەتەکانى عێراق، ببنە پشتیوان بۆ دەوڵەتێکی بەهێز و خاوەن سەروەری.
ئەو داواکارییەى سودانى لە کۆنفرانسێکى گەورە و بەرفراواندا بوو کە وەزارەتى ناوخۆی عێراق بۆ سەرجەم هۆز و تیرەکانی عێراق رێکی خستبوو.
شەرقلئەوسەت
سعودیە لە نێو 20 دەوڵەتدا بە پارێزراوترین دەوڵەت دیاریکرا
سعودیە لەنێو 20 دەوڵەتدا، وەک پارێزراوترین و سەلامەتترین دەوڵەت دیاریکرا.
بەگوێرەى ئامارێکى دەستەى گشتیی ئاماری ئەو وڵاتە و بە بەراوورد بە ئامارێکى ساڵی 2023ـی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەو سعودییانەى شەوانە بە تەنها دێنە دەرەوەى ماڵەکانیان و هەست بە ئاسودەیی دەکەن، گەیشتووەتە رێژەى 92% .
ئامارەکە باس لە توندوتۆڵی دامودەزگا ئەمنییەکان و هاوکاریی و هەماهەنگی هاووڵاتیانى سعودییە دەکات لەگەڵ ئەو دامەزراوانە.

قودسی عەرەبی
سوریا کارگەکانى کەپتاگۆن و ئامێری ساختەکردنى دراوەکان کۆنترۆڵدەکات
هێزە ئەمنییەکانى ئیدارەى نوێی سوریا، لەسەر سنوورەکانى لەگەڵ لوبنان، چەندین کارگەى دروستکردنى حەبی هۆشبەرى جۆری کەبتاگۆن و کێڵگەى چاندنى ئەو مادانە، لەگەڵ چەند ئامێرێکی ساختەکردنى دراوەکان دەستبەسەردا دەگرێت.
فەرماندەیەکى هێزە ئەمنییەکانی سوریا لە ناوچە سنوورەکانى سوریا-لوبنان، دەڵێت، حزبوڵا مەترسیی جدیی لەسەر ئەو سنوورانە دروستدەکات ئەگەر بە تەواوەتى دزپێکردنى مادەى هۆشبەر و چەک کۆنترۆڵنەکرێت.

عەرەب
ئێران هەوڵدەدات لەڕێگەى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تێکبدات
سەرکردەیەکى پارتی دیموکراتى کوردستان، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و چەند حزب و قەوارەیەکى بەغداد کە نزیک لە ئێرانن، تۆمەتباردەکات بەوەى دەیانەوێت گرژیی و داخوازیی مانگرتووان و مووچەخۆرانى ناڕازی بگوازنەوە بۆ هەولێر و ئارامیی و سەقامگیریی تێکبدەن و ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغداد بقۆزنەوە.
هۆشیار زێباری لە ئێکس نووسیویەتى، ئەو ناڕەزایەتییە بە سیاسیی کراوە، با مانگرتووان و خەڵکانى ناڕازی خێمەکانیان بگوازنەوە بۆ بەغداد و لە گۆڕەپانى تەحریر ئەوکارە بکەن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
نیویۆرک تایمز
ئایا ماگا دەتوانێت ئیمپراتۆریەتەکەی ئەمریکا بەڕێوەببات؟
مەبەست لە ماگا دروشمەکەی دۆناڵد ترەمپە، کە بەرزیکردوەتەوە دەڵێت، جارێکی تر ئەمریکا مەزن دەکەینەوە.
لە گوتاری لاپەرە یەکی رۆژنامەکەدا نوسراوە، هەرگیز پێشبینیی ئەوەم نەکردبوو یەکەم هەنگاوی ئیدارەکەی ترەمپ بە ئاژانسی فریاگوزارییە نێودەوڵەتیییەکانی ئەمریکا دەست پێبکات، چونکە کەرتی ناوخۆیی حکومەت بەفیڕەوەدانی زۆری تێدایە، دەبوو چاکسازیکردن لەوێووە دەستی پێکردبا.
دەیلی تەلەگراف
پارتی پارێزگاران پێشنازێکی ریفۆرمخوازەکان رەتدەکاتەوە
سەرکردەیەکی پارتی پارێزگاران ئەو بانگەشانەی رێبەری ریفۆرمخوازەکانی رەتکردەوە، کە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە بریتانیادا دەکەن.
کێمی بادینۆک سەرکردەی سەرکردەی پارتی پارێزکاران، بانگەشەکانی پارتی ریفۆرمخوازەکانی بە بێ هەند باس کردو گوتی با بۆ مەلەکانی باس بکات.
لە دیدارێکیدا، کە رۆژنامەی تەلەگراف بەبۆنەی تێپەڕبوونی سەد رۆژ بەسەر دەستبەکاربوونیدا وەک سەرۆکی پارتی پارێزکاران لەگەڵیدا ئەنجامیداوە، بادینۆک گوتویەتی، بۆئەوەی جەماوەری پارتەکەیان تووڕەنەکات، نایەوێت بچێتە ناو جێگای نایجڵ فاراجەوە، هەر بەم بۆنەیەشەوە رەتیکردەوە هیچ پێشنیارێکی کردبێت بۆئەوەی فاراج ببێت بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران.
تایمز
نەوەی نوێ هیچ شانازی بە بەریتانیاوە ناکەن و ناشیانەوێت شەڕی رزگارکردنی بۆ بکەن
نیوەی نەوی نوێ لە بەریتانیادا پێیانوایە وڵاتەکەیان رەگەزپەرستە، لە 10 کەس، تەنها یەک کەسیان دەڵێت، ئەگەر وڵاتەکە تووشی شەرببێت سەرکێشی بە ژیانی خۆیانەوە دەکەن بۆئەوەی بیپارێزن
رۆژنامەی تایمز توێژینەوەیەکی لەم بارەیەوە ئەنجامداوە، پرسیاری بۆچوونی ئەو کەسانەی کردووە، کە تەمەنیان لە نێوانی 18 بۆ 27 ساڵیدایە کە ئایا تاچەند بڕوایان بە نیشتمانپەروەری هەیە، بۆی دەرکەوتووە، کە داڕزانێکی زۆر لە ئاستی سۆز بۆ نیشتماندا هەیە. تەنها 41٪ـی ئەو توێژە شانازی بەوەوە دەکەن، کە بریتانی بن، تەنها 15٪ـیان پێیانوایە وڵاتەکە یەکگرتووە، بەڵام 48٪ـیان وادەزانن وڵاتەکەیان رەگەزپەرستە، 50٪ـشیان پێیانوایە وڵاتەکە ئێستای باش نییە و لەسەر رابوردووی دەژی. بەڵام تەنها 15٪ـیان گوتویانە ئەگەر وڵاتەکەیان بکەوێتە شەڕەوە ئامادەن بچن بەرگریی لێبکەن.
گاردیەن
ئاگربەستەکەی غەزە نزیکە لەوەی هەڵبوەشێتەوە
حەماس دەڵێت، ئازادکردنی بارمتەکانی لای خۆی بە تەواوی دوادەخات. رایدەگرێت، لەبەرئەوەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سوپای وڵاتەکەیی خستۆتەوە باری ئامادەباشییەوە، بۆئەوەی ئامادەبن بۆ هەر سیناریۆ و پێشهاتێکی نوێ، کە لە غەزەدا رووبدات. ناوەندێکی میسریی پەیوەندیدار بەم مەسەلەیەوە بە رۆیتەرزی گوتووە، میانکاران لەوە دەترسن ئەمە شکاندنی ئەو ئاگربەستەبێت، کەماوەی سێ هەفتەیە چووەتە بواری کارپێکردنەوە. حەماس چاوەڕووانی وەڵامی واشنتنە، بۆئەوەی دڵنیایی وەربگرێت ئەم قۆناغی یەکەمەی ئاگربەستە دەگەیەندرێت بە مەنزڵ.