زووم..
فیراز سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە زوومی راگەیاند، سبەینێ ناردنی مریشک و هێلکە لە هەرێمەوە بۆ پارێزگاکانی عێراق دەستپێدەکاتەوە، ئەوەش دوای پشکنینی تاقیگەیی و دڵنیابوونەوە لەوەی پەلەوەرەکان مەترسیی نەخۆشیی ئەنفلۆنزای باڵندەیان لەسەر نییە.
گوتیشی، تیمەکانیان لەگەڵ تیمی چاودێریی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رێکەوتوون، سبەی هەناردەکە دەستپێبکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە سبەینێوە رێگا بە رەوانەکردنی بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق دەدەن.
رۆژی 27ـی مانگی رابردوو وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بەفەرمی رایگەیاند، رێگا نادەن مریشک و هێلکە لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، ئەوەش بەهۆی مەترستی گوازرانەوەی نەخۆشییەکان لە پەلەوەرەوە بۆ مرۆڤ.