زووم..
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان بە زوومى راگەیاند، لیستى مووچەى مانگى دووى مووچەخۆرانى هەرێم، بەشێوەى ئەلیکترۆنى، نێردراوە بۆ بەغداد.
سەرچاوەکەى وەزارەتى دارایى هەرێم گوتى، ئەمڕۆ لیژنەی سەرەکیی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لە بەغداد کۆبوونەتەوە، چەند کێشەیەکى تەکنیکیى بچووک لە لیستى مووچەى مانگى دوو هەبوون، چارەسەریان کردووە و گەڕاونەتەوە هەرێمى کوردستان.
سەرباری ناردنی لیستی مووچەی مانگی دوو، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەى سەردانى شاندەکەی هەرێمەوە دەڵێت، لەسەر هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتووینەتە رێککەوتن.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای کۆبوونەوەی لیژنەی سەرەکیی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان رێککەوتوون، رێککەوتنەکەش لەبارەی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە نۆی ساڵی 2014ـی خانەنشینیی یەکگرتووی عێراقە.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئەو هاوتاکردنەی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەمووزی ساڵی 2024 تایبەت بە خانەنشینانی مەدەنی جێبەجێی کردووە، هاوشێوەی خانەنشینانی حکومەتی فیدراڵە و وەک خۆی جێبەجێ کراوە.