زووم..
بەهۆی هەرەسی بەفرەوە لە دەوروبەری بەرزایی ژاڵانە لە هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێک گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی راپۆرتی کۆڵبەرنیوز، شەوی رابردوو بەهۆی هەرەس و رنووی بەفرەوە لە دەوروبەری بازگەی ژاڵانە، لە رێگای کۆتایی بۆ ناوچەی تەتەی هەورامان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆڵبەرێک کەوتە ژێر بەفرەوە.
کۆڵبەرنیوز ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزە فریاگوزارییەکان و کۆمەڵێک لە خەڵکی گوند و کۆڵبەرانی گەنج کۆڵبەرەکەیان لەژێر بەفردا هێناوەتە دەرەوە، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی، ئەم کۆڵبەرە گیانی لەدەستداوە.
کۆڵبەرەکە ناوی ئەمین حسێنی خەڵکی گوندی دەرەکی سەربە شاری سەوڵاوایە، خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە.
ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز دەریدەخات، لە ساڵی 2024دا، بە کۆی گشتی 345 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و رێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران، رنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین و کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و رووداوی دیکەوە کوژراون و بریندار بوون.