زووم..
ئەمڕۆ دوو هەفتەیە خۆپیشاندان و مانگرتنی بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی سنوری سلێمانى بەردەوامە و تا ئێستاش وەڵامی داواکارییەکانیان نەدراوەتەوە، تەندروستی مانگرتووەکانیش خراپە.
ماوەی 14 رۆژە 13 مامۆستا و فەرمانبەری ناڕازی مانیان لە خواردن گرتووە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە فشار دروست بکەن و حکومەت بەدەم جێبەجێکردنى داواکارییەکانیانەوە بچێت کە خۆی لە تەوتینکردنى مووچە و دابەشکردنى مووچەى مانگی 12ى ساڵی رابردوو هەروەها دابەشکردنى مووچەیە هەر 30 رۆژێک جارێک لەگەڵ دەستپێکردنەوەى پلە بەرزکردنەوە.
دوێنێش بەشێکى زۆر لە مامۆستایان و فەرمانبەران لە شارەکانى سلێمانى و هەڵەبجە و راپەڕین و کۆیەوە هەوڵیاندا بچنە هەولێر و دواى پێنج سەعات بە پێ رۆشتن و تێپەڕاندنى بازگەى دێگەڵە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کە لە هەولێرەوە رەوانەى بازگەکە کرابوون بە زەبری هێز و رشتنى گازی فرمێسکرێژ پاشەکشەیان بە خۆپیشاندەران کرا و گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان.
موجاهید ئەمین، مامۆستای ناڕازی بە زوومی گوت، تا دێت تەندروستى مانگرتووان بەرەو خراپتر دەچێت و دەبێت بەرپرسانیش داواکارییەکانمان جێبەجێ بکەن.
هیچ بەرپرسێکی حکومی تا ئێستا بەدەم داواکارییەکانی مانگرتووانەوە نەچووە و دوێنێ یەکشەممە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە بەیانییەکی زوودا بۆ ماوەی چەند خولەکێک سەردانی خێمەی مانگرتووانی کرد و دواتر مانگرتووان رەخنەی توندیان ئاراستکرد لەبارەی ئەوەی کە لەکاتێکدا هاتووە “هەموویان خەوتبوون” و هیچ بەڵینێکیشی پێنەداون.