زووم..
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە لەبارەی پلانەکەی بۆ “بنیادنانەوەی” غەزە قسەیکرد و رایگەیاند، ئامادەیە کەرتەکە بکڕێت و ببێتە خاوەنی.
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کەرتی غەزەوە قسەی نوێی کرد و گوتی، “بۆ بنیادنانەوەی غەزە رەنگە بەشێکی بدەینە وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش بە چاودێریی خۆمان، بەڵام ئامادەین غەزە بکڕین و دڵنیاببینەوە لەوەی حەماس نەگەڕێتەوە بۆ غەزە.”
هەر دوای ئەم گوتەیەی ترەمپ، عیزەت ئەلرەشق، ئەندامێکی مەکتەب سیاسی حەماس، وەڵامی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و گوتی: غەزە موڵکێک نییە کڕین و فرۆشتنی پێکەوە بکرێت، غەزە بەشێکی سەرەکی خاکی داگیرکراوی فەڵەستینە و فەڵەستینییەکان هەرچی پلانی راگواستنە هەڵیدەوەشێننەوە.
پلانی ترەمپ بۆ “دەستبەسەرداگرتن و بنیادنانەوەی غەزە” هەرایەکی گەورەی دروستکردووە کاتێک هەفتەیەک لەمەوبەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتن لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند.
پلانەکەی ترەمپ لەلایەن کۆمەڵێک زۆر لە وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی و تەنانەت رووسیا و چینیش رەتکراوەتەوە. تەنانەت هەندێک وڵات ئەو پلانەی ترەمپ بە “پاکتاوی رەگەزی” ناوزەند دەکەن.
تاکە وڵات کە پلانەکەی ترەمپی بەلاوە “ناوازەیە” ئیسرائیلە و پشتگیری تەواوەتی دەکات و دوێنێ یەکشەممە پێش گەڕانەوەی لە گەشتەکەی واشنتن، بنیامین نەتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند، پێویستە غەزە چۆڵبکرێت و سعودیە “دەوڵەتێکی فەڵەستینی” دروستبکات چونکە خاکی زۆریان هەیە.
هەرچەندە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی ئەو پلانەی سەرۆکی ئەمریکایان رەتکردەوەتەوە، بەڵام ترەمپ پیشتر گوتی کە بەرە بەرە و لەسەرخۆ رازیدەبن و بیرۆکەکە قبوڵ دەکەن کە خۆی دەبینێتەوە لە چۆڵکردنی غەزە و وەرگرتنی خەڵکەکەی لەلایەن ئوردن و میسرەوە.
دوێنی یەکشەممە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، ترەمپ بەمزووانە چاوی بە سەرۆکی میسر، شای ئوردن و شازادی جێنشینی سعودیە دەکەوێت.